Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازی شاری سلێمانی رایانگەیاندووە، سبەی دووشەممە بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی دواكەوتنی مووچەكانیان دەست بە خۆپیشاندانی بەرفراوان و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن، وەزیری پەروەردەش لە سلێمانییەوە پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات.
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوان سادق لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی بەرزكردنەوەی ئاڵا لە خوێندنگەیەكی شاری سلێمانی. لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە ئاماژەی كرد بەوەی بایكۆت چارەسەری دۆخەكە ناكات، بە پێچەوانەوە پێویستە چاكسازی زیاتر بكرێت و ئەوەی لە تواناشدا بێت بۆ مامۆستایانی دەكەن.
ئەو گوتی: "دڵنیا بن وەك وەزیر و وەزارەتی پەروەردە بەردەوام لە خەمی ئێوەداین. لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەوڵی جددیمان داوە و دەیدەین بۆ ئەوەی بەشێك لە ئێش و ئازارەكانتان كەم بكەینەوە، ئەمڕۆ كە حكوومەتی هەرێم بەو قەیرانەدا تێدەپەڕێت و ئێوەش دەزانن كە قەیرانەكان زۆر سەختن، بەڵام مامۆستا خوێندكار و قوتابی فێر دەكات كە ئیرادە و سەبری هەبێت، چونكە دڵنیام ئەو بارودۆخە تێپەڕ دەبێت".
پشتیوان سادق گوتی: "لە ساڵی نوێوە لە ئەنجوومەنی وەزیران باسكرا كە سەرەڕای ئەوەی داهاتەكان زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام ئەو داهاتەی كە هەیە نزیكەی 400 ملیار دەمێنێتەوە بۆ مووچە، وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان بەڵێنیان داوە مووچەی مەدەنی كە مووچەی مامۆستایانیش دەگرێتەوە بە شێوەیەكی مونەزەم تر لەكاتەكانی خۆیدا دابەش بكرێت".
وەزیری پەروەردە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆدەبێتەوە تا گفتوگۆ بكەن لەسەر پڕۆسەی پەروەردە و نەوەستانی پڕۆسەكە لەم ناوچەیەدا.
وەزیری پەروەردە باسی لەوەش كرد، هەموو بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردەیان لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ئاگاداركردووەتەوە لە وەرگرتنی قوتابیانی ئاوارەی كەركووك و خورماتوو لە شارەكانیان تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.