Emre Aytekin
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
پەکین – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڤانگ ڤینبین رایگەیاند، سەربازانی ئەمریکا نەوت و دانەوێڵەیان لە سووریا بە قاچاغ بردووە و گوتی: "لەبەرامبەر ئاشکرایی و ریسوایی تاڵانەکانی ئەمریکا لە سووریا تووشی سەرسوڕمان بووین".
ڤانگ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە پەکین هەڵسەنگاندنی بۆ بانگەشەی گواستنەوەی ٥٣ تانکەر نەوت لە رۆژی ١٤ی کانوونی دووەم لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە پارێزگای حەسەکەی سووریاوە بۆ بنکەکانی لە عێراق کرد.
ڤانگ ڤینبین ئەوەی خستەڕوو کە ئامارە فەرمییەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی رژێمی ئەسەد لە سووریا ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەدا ٨٠ی ئەو نەوتەی لە سووریا دەردەهێندرێت لەلایەن هێزە داگیرکارییەکانی ئەمریکاوە بۆ دەرەوەی وڵات بە قاچاغ دەبردرێت و گوتی: "ئەم چەتەگەراییە قەیرانی وزە و قەیرانی مرۆیی سووریا قوڵتر دەکاتەوە. مافی ژیانی گەلی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە پێشێل دەکرێت. گەلی سووریا بە بڕێکی کەمی نەوت و خۆراک هەوڵ دەدەن ئەم زستانە سەختە بەڕێ بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەرەتای ئەم مانگەدا ٦٠ تانکەر و بارهەڵگری پڕ لە نەوت و دانەوێڵەیان لە سووریاوە بە قاچاغ بردووە و گوتی: "بەڕاستی چاوبرسێتی ئەمریکا کارێکی سەرسوڕهێنەرە، کە 'بەخشندەیی' خۆی بۆ دابینکردنی ملیارەها تەنانەت دەیان ملیار دۆلار بۆ هاوکاری سەربازیی نیشاندەدات و لە هەمان کاتدا سەرچاوەکانی سووریا دەدزێت".
ڤانگ داوای لە ئیدارەی واشنتۆن کرد کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و باجی دزینی نەوت بدەن و گوتی: "ئەمریکا لە کاتی بردن و پێدانیشدا وڵاتەکان بەرەو ئاژاوە و کارەسات پەلکێش دەکات و دواتر بۆ بەرژەوەندی و هەژموونی خۆیان بەرهەمەکەی دەچننەوە. ئەمەش ئەوەیە کە ئەمریکا بە 'سستەمی بنیاتنراو لەسەر رێنمایی' ناوی دەبات".