Saadet Firdevs Aparı Bayram
14 ئاب 2025•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2025
ئیستانبوڵ - AA
پڕۆژەی ڕێڕەوی لۆبیتۆ، کە هێڵی ئاسنین دەگرێتەوە و لە بەندەری لۆبیتۆ لە ئەنگۆلاوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و زامبیا، وەکو ئامرازێک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی بوونی ستراتیجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا لە ئەفریقا سەیر دەکرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو زانیاری دەستکەوتووە کە گرنگی ڕێڕەوی لۆبیتۆ نیشان دەدات.
ڕێڕەوەکە کە بە پشتیوانی هاوبەشی ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا، بانکی گەشەپێدانی ئەفریقا و چەندین ڕێکخراوی گەشەپێدان دروست دەکرێت، ئامانج لێی گەیاندنی کانزا دەوڵەمەندەکانی ئەفریقایە بە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی خێراتر و سەلامەتتر.
هێڵەکە کە درێژییەکەی زیاترە لە هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر، پێشبینی دەکرێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە گواستنەوەی ئەو کانزایانەی کە گرنگن بۆ گواستنەوەی وزەی پاک، بەتایبەتی مس و کۆباڵت.
ئامانجی پڕۆژەکە دروستکردنی ڕێگایەکی جێگرەوەیە لە زنجیرەی دابینکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کاریگەرییەکانی ژێرخان و کانەکان کە لەلایەن چینەوە لە ئەفریقا ئەنجام دەدرێن.
کۆمەڵەکە بە ناوی هێڵی ئاسنینی لۆبیتۆ ئەتڵەنتیک (Lobito Atlantic Railway) بە مەرجی وەبەرهێنان بەبری ٤٥٥ ملیۆن دۆلار لە ئەنگۆلا و ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، لە چواری تەمووزی ٢٠٢٣دا دەستی بە کارکردنی ڕێڕەوی لۆبیتۆ کرد.
ئەمریکا یەکێکە لە پشتیوانکارە دیارەکانی ڕێڕەوی لۆبیتۆ، ئەم پڕۆژەیە بە پێشینە دادەنێت بۆ ئەوەی دووبارە کاریگەری خۆی لە ئەفریقا بەهێز بکاتەوە و، هاوسەنگی بۆ باڵادەستی چین لەسەرانسەری کیشوەرەکە دابنێت.