Ahmet Dursun
12 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2019
ئەنقەرە- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی ئاشکرایکرد بڕیاری پێدانی پارێزبەندیی دیپلۆماتیی بە هاووڵاتیی بەریتانیی بەرەگەز ئێرانی، نازەنین زاغری راتکلیف کە لە ئێران بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، هیچ لە دۆخی ناوبراو ناگۆڕێت.
بەهرام قاسمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی ئیرنای وڵاتەکەی، ئاماژەی بەوەکردووە کە تاران لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لە بڕیاری پێدانی پارێزبەندییە دیپلۆماتییەکە ئاگادارکراوەتەوە.
قاسمی جەختی لەوەکردووەتەوە کە بڕیارەکە لە ئێران یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هیچ پابەندییەک بەدوای خۆیدا ناهێنێت و رایگەیاندووە: "ئەم هەوڵە هیچ نیازپاکییەکی تێدا نییە، بە هیچ شێوەیەک بنیاتنەر و ئەرێنیی نییە و ئەگەر دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکات ئەوا ئاسانی ناکات".
هاووڵاتیی بەریتانیی بەرەگەز ئێرانیی، نازەنین زاغری راتکلیف لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تاوانی سیخوڕییکردن لە ئێران دەستبەسەرکرابوو، دواتر سزای زیندانیی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەردا سەپێنرابوو.