Haydar Şahin
16 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2023
تاران - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوە کرد کە بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەمریکا، ئێران کاریگەرترین وڵاتە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی لە ئاوە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان و تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە سەلامەتی لە گەرووی هورموزدا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران، ناسر کەنعانی کاردانەوەی لەهەمبەر لێدوانەکانی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی نیشان داوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن ئێران ئاسایشی هاتوچۆی لە کەنداو و گەرووی هورموزدا خستووەتە مەترسییەوە بێ بنەمان و ئەو جۆرە تۆمەتانە رەت دەکەنەوە، سیاسەتی دەستوەردان و تێکدەری ئەمریکا کە ساڵانێکی زۆرە پەیڕەوی دەکات، ناسەقامگیریی و نائارامیی لە ناوچەی کەنداو دروست کردووە.
گوتیشی: "بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو وڵاتەی کە یاسای دەریایی پێشێل دەکات، دەستی گرتووە بەسەر ناردنی نەوتی ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، ئاسایشی دەریاوانی و بازرگانیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەوە، ئەمریکایە، بەڵام لووتبەرزانە ئێران تۆمەتبار دەکات".