Bilal Güler
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2022
کابول - AA
گوتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکای بۆسەر کابول پایتەختی ئەفغانستان شەرمەزار کرد کە تیایدا سەرکردەی رێکخراوی ئەلقاعیدە، ئەیمەن زەواهیری کوژرا.
موجاهید لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، هێرشەکەی سەرلەبەیانی یەکشەممە بۆسەر ماڵێک لە گەڕەکی شێرپور سەنتەری شاری کابول لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە.
موجاهید وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە رایگەیاند کە ئەمە پێشێلکردنی بنەما نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی دۆحەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەنێوان ئەمریکا و تاڵیبان سەبارەت بە دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان ئەنجام درا.
گوتەبێژەکەی تاڵیبان لە پەیامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە کوژرانی زەواهیری نەکردووە.
- لە سێ شوێن دەنگی تەقینەوە بیستراوە
کاتژمێر ٠٦:٠٠ی سەرلەبەیانی پێرێ یەکشەممە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە سێ خاڵی جیاواز لە کابول دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
له راگهیهندراوێكی وهزارهتی ناوخۆی سهربه ئیدارهی تاڵیبان-دا هاتووه "بە مووشهك هێرشێک کراوەتە سهر ماڵێكی چۆڵ له گەڕەکی شێرپور، بهڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە".
لە راگهیهندراوەکەدا ئەو تۆمەتانە رەتکراونەتەوە کە گوایە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ئەیمەن زەواهیری لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە ئەفغانستان کوژراوە، رایگەیاند "زەواهیری لەناوبرا و ئێمەش لەوە دڵنیا دەبینەوە کە جارێکی دیکە ئەفغانستان نابێتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ تیرۆریستان".