Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
05 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئیدانەی هێرشە کیمیاویەکەی رژێمی ئەسەدی لە سووریا کرد و رایگەیاند ''ناکرێت ئەو هێرشە قێزەونەی ئەمڕۆ لە سووریا ئەنجامدرا و ژنان و منداڵان و هاووڵاتییانی بێتاوانی کردە ئامانج، لەلایەن جیهانی شارستانییەوە پشتگوێ بخرێت''.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە دۆناڵد ترەمپ هێرشە کیمیاوییەکەی رژێمی ئەسەدی لە پارێزگای ئیدلب باکووری سووریا ئیدانە کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە:
''ناکرێت ئەو هێرشە قێزەونەی ئەمڕۆ لە سووریا ئەنجامدرا و ژنان و منداڵان و هاووڵاتییانی بێتاوانی کردە ئامانج، لەلایەن جیهانی شارستانییەوە پشتگوێ بخرێت. ئەم کردەوە ناپاکانەی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەنجامی لاوازی و دەستەپاچەیی ئیدارەی پێشووە. باراک ئۆباما لە ساڵی 2012دا سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی ئاماژەی بەوەکرد کە هێڵێکی سوور لەوبارەیەوە هەیە و لەدوای ئەوەشەوە هیچ شتێکی نەکرد. ئەمریکا سەبارەت بە ئیدانەکردنی ئەم هێرشە کە مایەی قبووڵکردن نییە، لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانیدا لە سەرانسەری جیهان، هاوڕایە''.
بەر لە ترەمپ، گوتەبێژی کۆشکی سپی، شۆن سپایسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی نافەرمییدا، لێدوانێکی کورتی دا و هەمان گوزارشت و دەستەواژەی بەکارهێنا کە لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە.
لەئەنجامی هێرشی رژێمی ئەسەد بە چەکی کیمیاویی بۆسەر شارۆچکەی خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلب، ئاماژە بەوە دەکرێت لانیکەم 100 هاووڵاتیی سڤیل کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن، گیانیان لەدەستداوە.