Hakan Ceyhan Aydoğan,Muhammet Ali Kemal
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2017
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پیسکۆڤ، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی رژێمی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە، رایگەیاند: ''ئەوە پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە. هێرشێکە کە بە بیانووی ژمارەیەک فاکتەری دەستکرد ئەنجامدراوە''.
دیمیتری پیسکۆڤ کە لە مۆسکۆ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە، باسی لە کاردانەوەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی کرد سەبارەت بە هێرشەکە.
پیسکۆڤ باسی لەوەکرد ڤلادیمیر پوتین پێی وایە ''هێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە'' و ''سوپای سووریا چەکی کیمیاویی نییە. ئەمە پێشتر لەلایەن رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاوییەکانەوە، ئاشکراکرابوو. هێرشەکە کە بە بیانووی ژمارەیەک فاکتەری دەستکرد ئەنجامدراوە''.
گوتەبێژی کرملین ئاماژەی بەوەشکرد پوتین باسی لەوە کردووە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی سووریا مەبەست لێی دوورخستنەوەی رای گشتی نێودەوڵەتییە لەو مەرگەساتەی لەعێراق روودەدات، پیسکۆڤ هێرشەکەی ئەمریکا بە کودەتایەک ناوبرد بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆدا کە لە دۆخێکی خراپدایە.
گوتیشی: ''ئەم هەنگاوە ئێمە لە بەرەنگاربوونەوە لە تیرۆری نێودەوڵەتی نزیک ناکاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئاستەنگی گەورەتر دروست دەکات''.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاویکردبوویەوە کە بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ بنکەیەکی ئاسمانیی رژێمی سووریایان لەرێگەی مووشەکەوە کردووەتە ئامانج.