Rewa Mahmut Hasan
23 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2016
نیویۆرک-AA
کچە گەورەی سەرۆکی پێشووتری عێراق، رەغد سەدام حوسێن رایگەیاند کە داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بووە هۆی دروست بوونی رێکخراو تیرۆریستیەکان لە عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر باوکی لەژیاندا بمابایە ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانە نەیاندەتوانی بچنە عێراق.
رەغد لە رێی تەلەفۆنەوە لە عەممانی پایتەختی ئوردن-ەوە وەڵامی پرسیارەکانی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دایەوەو رایگەیاند کە ئێستا پشتگیری هیچ گروپێک یان تێروانینێکی سیاسی ناکات لە عێراق.
ناوبراو هەموو ئەو دەنگۆیانەی حکوومەتی ئێستای عێراقی رەتکردەوە کە لەسەر پشتگیری کردنی داعش ئاراستەی کرابوون و رایگەیاند کە ئەو و خێزانەکەی بەهیچ جۆرێک پەیوەندییانبەو جۆرە ئایدۆلۆژیە توندرەوانەوە نییە .
رەغد ئاماژەی بەوەدا کە داعش و گروپەکانی دیکە دوای کۆتایی هاتنی ئیدارەی سەدام حوسێن و خێزانەکەی، توانیوانە بچنە عێراق و گوتی: "لە سەردەمی باوکمدا سەقامگیری هەبوو. ئەگەر باوکم لەژیاندا بمابایە ئەو گروپانە نەیاندەتوانی بچنە ناو عێراق".
حکوومەتی عێراقی داوا لە ئوردن دەکات کە رەغدی رادەست بکاتەوە.
رەغد ئەمریکای بە بەرپرسی دۆخی ناهەمواری عێراق تۆمەتبار کرد و هیوای خواست کە لەسەردەمی ترەمپدا جیاواز لەوانەی پێش خۆی، ببێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق.
رەغد ئاماژەی بەوەشدا کە ترەمپ دژی داگیرکردنی عێراق بووە و گوتی: " ترەمپ هەست بەو هەڵانە دەکات کە لە بەرامبەر باوکم و عێراق کراون".
رەغد باسی لە مردنی سەدام حوسێنی باوکی کرد و گوتی: "وردەکاری مردنەکەی زۆر قێزەونە. بەڵام شەرەفمەندانە بوو".