Abdullah Shukur
22 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما و سەرۆكی كوبا رائول كاسترۆ رایانگەیاند كە سەرەڕای بۆچوونی جیاوازی ئەمریكا و كوبا لەبارەی مافەكانی مرۆڤ و بابەتی دیموكراسی بەڵام ھەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەدەن.
ئۆباما و كاسترۆ لە دوای كۆبوونەوەیان لە شاری ھاڤانا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێكخست.
ئۆباما رایگەیاند كە ئەو بەردەوام دەبێت لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەی و لە چوارچێوەی دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكانی كوبا و ئەمریكا ئەم سەردانەی ئەنجام داوە.
لەلایەن خۆیەوە رائول كاسترۆ بەرگری لەوە كرد كە پێشێڵكاری مافەكانی مرۆڤ لە ئەمریكا بەردەوامە و ھەروەھا ھیچ وڵاتێكی جیھانیش ناتوانێت لەبارەی بابەتەكانی پەروەردە، تەندروستی، گەرەنتی بدات.
لەبارەی پرسیاری كاتی ھەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر كوبا، ئۆباما گوتی: "گەمارۆكان كۆتاییان دێت. دڵنیا نیم كەی، بەڵام بە دڵنیایەوە كۆتاییان دێت".
كاسترۆ لە وەڵامی پرسیارێكی پەیوەندیدار بە دەستگیركراوانی سیاسیی لە وڵاتەكەی گوتی: "لەمبارەیەوە لیستەیەك بدەن، ھەر ئێستا ئەوان ئازاد دەكەم، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێوە باسی دەكەن دەستگیركراوی سیاسیی بوونی ھەبێت ئەوا من ئەمشەوە ھەموویان ئازاد دەكەم".
پرسی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەكانی نێوان كوبا و ئەمریكا وەك سەركەوتنێك لە سیاسەتی دەرەوە بۆ ئۆباما ھەژمار دەكرێت.