واشینتۆن - AA
دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند بەڵگەی سەلمێنەری لەدەستە لەسەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆشش دەکات تا بەزووترین کات کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی رازی بکات بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی لەڕژێمی بەشار ئەسەد.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەکۆشکی سپییەوە، باراک ئۆباما بەدرێژایی دوێنێ یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەشێ لەئەندامانی کۆنگرێس کردووە، وا بڕیارە ئەمڕۆو سبەیینێش دیسان لەگەڵ بەشێکی دیکەی کۆنگرێسمانەکان قسە بکاتەوە.
لەلایەکی دیکە بەھەمان شێوە (جۆ بایدن) جێگری سەرۆک ئۆبامایش سەرقاڵی تەلەفۆنکردنە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس تا پاڵپشتی زیاتر بۆ بڕیارەکانی سەرۆک لەبارەی سوریا مسۆگەر بکات.
ھەروەھا دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی (کۆشکی سپی) لەگەڵ ھەندێک لەئەندامانی کۆنگرێس کۆبوونەتەوەو بەتەمان لەم حەفتەیەدا کۆبوونەوەی نھێنی بکەن لەگەڵ کۆنگرێسمانەکان. لەلایەکی دیکە وا بڕیارە کۆمیتەی کاری دەرەوەو ھێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران (سێنات) کۆببنەوە.
پێناچێ سەرۆک ئۆباما بەم نزیکانە ھاودەنگییەکی باشی دەستکەوێ لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس، چونکە بۆچوونی جیا جیا ھەیە لەناو ئەو دوو دامەزراوە گرنگەدا.
ھەندێک لەکۆنگرێسمانەکانی سەر بە دیموکراتەکان دژی شەڕن، بەرای ئەوان داواکاری ئۆباما زۆر بەرفراوانەو نەیاری ھەموو جۆرە پەلاماردانێکن. ھەروەھا ھەندێکییش لەکۆنگرێسمانەکانی کۆماریخوازان کە لایەنگری دەستتێوەردانی سەربازیین لەسوریا، داواکاری ئۆباما بۆ "ھێرشێکی سنووردار" بەباش نازانن و دەڵێن دەبێ بەرفراوانتربێ.
زۆربەی ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس دەڵێن بە ھۆی ئەزموونی شەڕی عێراق، خوازیارن کۆشکی سپی زانیاریی و وردەکاریی زۆرتر لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە بخاتە بەردەستیان. ھەروەھا چۆنێتی ئەو ھێزە سەربازییەی ئیدارەی ئۆباما دەینێرێتە سوریا بەباشی روون بکاتەوە بەر لەبەڕێکردنیان.
سەرۆک ئۆباما رایگەیاندوو تا ٩ی ئەیلول چاوەڕێی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە لەکۆنگرێس لەسەر بڕیاری ئیدارەکەی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی لەسوریا