Sarmand Hameed
29 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2018
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە میانی هەڵمەتێکدا، ٢٧ ھاووڵاتی فەڵەستینی بە گومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە کردووە کە ئەو ٢٧ ھاووڵاتییە فەڵەستینییەی بە گومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
بەپێی داتاکانی دەستەی کاروباری دیلەکان سەربە رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستین لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزارو ٥٠٠ کەس کە لەنێویاندا، ٣٥٠ منداڵ، ٦٢ ئافرەت ھەروەھا شەش ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین ھەن، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ بەندکراو بە دەستگیرکردنی کارگێڕی بەبێ دادگاییکردن، بەندکراون، جگە لەوەش ھەزارو ٨٠٠یان نەخۆشن کە لەنێویاندا ٧٠٠یان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی پزیشکی ھەیە.
سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت بە مەبەستی دەستگیرکردنی ھاووڵاتییانی فەڵەستین ئەنجام دەدات.