Mazın Asad
26 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2018
داڤۆس - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەمیانی گوتاری کۆتایی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس لەبارەی میدیاکانەوە دەستەواژەی "بێ رەوشت، ناپاک، ھێرشبەر و ساختە"ی بەکارھێنا کە لە لایەن ئامادەبووانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە داھاتێکی مێژووییان بۆ سوپای ئەمریکا خەرج کردووە و گوتیشی: "ئەگەر ئاسایش دەستەبەر نەکەین، ئەوا بە خۆشگوزەرانی شاد نابینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەوە رایگەیاند ھاوپەیمانان بە پشتیوانی ئەمریکا سەدا سەدی خاکە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی داعشیان رزگار کردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ روونیشی کردەوە کە پێویستە رێگری لە کۆریای باکووری و ئێران بکرێت بۆ ئەوەی نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە دوای گوتەکەیدا، ترەمپ وەڵامی پرسیارەکانی دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستەی کۆڕبەندی ئابووری جیھان لە داڤۆس، کلاوس شواب-ی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاند کاتێک دەست بەکار بوو، لە لایەن میدیاکانەوە رووبەڕووی مامەڵەی باش دەبووەوە، بەڵام لەگەڵ چوونە نێو سیاسەتەوە ھەڵوێستی میدیا لەبارەیەوە گۆڕاوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "کاتێک چوومە نێو سیاسەتەوە، ئاگادار نەبووم کە میدیا چەندە بێ رەوشت، ناپاک، ھێرشبەر و ساختەیە".
لە بەرامبەر گوتەکەیدا، ترەمپ رووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە بوویەوە و لە ھۆڵەکەدا، دەنگی ناڕەزایی بەرز بوویەوە.