Wassim Samih Seifeddine
24 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
ئاژانسی ھەوڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک ھێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک شار و شارۆچکەی سەربە پارێزگای بەعلەبەک ڕۆژھەڵاتی لوبنان.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ئاکامی ھێرشەکاندا، یەک خێزان کوژراون و ژمارەیەکی کەسی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە ھەر بەھۆی ھێرشەکانەوە، ژمارەیەک خێزان لە پارێزگای بەعلەبەک ئاوارەبوون و ڕوویان لە ناوچەکانی دیکەی لوبنان کردووە، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی کە دوورن لە بازنەی ھێرشەکانەوە.
ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ھەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان، بەڵام ھێشتا زیانی ھێرشەکان نەزاندراوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی باشوور و ڕۆژھەڵاتی لوبنان و لە ئاکامدا، ٤٩٢ کەس کوژراون و ھەزار و ٦٤٥ی دیکەش برینداربوون.