Salim Xemexan
13 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2016
ھەڵەبجە - AA
خاوەن و سەرپەرشتیاری کارگەی دروومان و جلوبەرگی ھەڵەبجە، ئەحمەد شێخە لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "دوای شەش مانگ لەکردنەوەی کارگەکەمان و فێرکردن و دەستبەکاربوونی ١٢٠ خانم بۆ دورینی جلوبەرگ لەماوەی چوار مانگدا، بۆنمایشکردنی بەرھەمەکانی دەستی ئەو خانمانە، ئەمرۆ پێنج ھەزار پارچە جلوبەرگمان خستەروو".
گوتیشی: "ژمارەیەک کۆمپانیا ئامادەی پێشانگاکە بوون و رێککەوتووین بۆئەوەی لەداھاتوودا بەرھەمەکانی کارگەکانیان پێبفرۆشین، بۆئەوەی بتوانین بەرھەمی زیاتریش پێشکەش بکەین لەئایندەیەکی نزیکدا فێرکردنی ئەو خانمانە دەست پێدەکەین کە ژمارەیان نزیکەی شەش سەد خانمن و خوازیاری فێربوونی درومانن".
دەربارەی نرخەکانیشیان شێخە گوتی: "پێش خستنەرووی کاڵاکانمان لیژنەیەکمان پێکھێنا بۆدەستنیشانکردنی نرخەکان لەبازاڕدا و دوای خەمڵاندنەکان، نرخی کاڵاکانمان بەسێ یەکی نرخەکان لەبازاڕدا دیاری کردووە، بۆنموونە ئەو بلوسەی لەبازاڕدا بە ٢٥ بۆ ٣٠ ھەزار دینارە، لای ئێمە بە دەھەزار دەفرۆشرێت".
زیاتری گوتی: "ئێمە لەکارگەکەماندا لیژنەی دیزاینمان ھەیە، ئەو کەسانەی دێنە لامان و ئارەزووی جۆرێکی تایبەت لەدیزاین و رەنگی جلوبەرگ دەکەن، لەماوەی چەند رۆژێکدا کاڵاکەی بۆئامادە دەکەین".
لای خۆیەوە قائیمقامی قەزای مەڵبەندی ھەڵەبجە نوخشە ناێح لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "وەکو ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە، وەک چۆن لەرابردوودا پشتگیری کردنەوەی کارگەکە بووین لەداھاتووشدا پشتگیری تەواویان دەکەین، داوا لەوەبەرھێن و کارگەکانی تریش دەکەین بێنە شارەکەمان و سەرمایەی خۆیان بخەنەگەڕ، تا بتوانین لەڕێی کەرتی تایبەتەوە، برەوی زیاتر بەبەرھەمی ناوخۆیی بدەین".
ناێح گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە کە نرخەکانی ئەم کارگەیە زۆر گونجاون، بەڵام ئومێدەوارم وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەماھەنگی ھەبێت لەگەڵ ئەم جۆرە کارگانە تاباشتر بتوانن کێبڕکێی بازاڕ بکەن".
هاووڵاتی نەسرین عەبدورەحمان کە خەریکی مامەڵەی جلوبەرگ بوو بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "نرخ و رەنگ و دیزاینەکان گونجاون بەتایبەتی کە راستەوخۆ لەلایەن خانمانی ئەم شارەوە بەرھەم ھێنراون، من ھەندێ جلوبەرگم ھەڵگرتووە و دەتوانم دڵی مناڵەکانمی پێخۆش بکەم".