Salim Xemexan
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی ھەڵەبجە، مەریوان وەھبی رایگەیاند "وەکو رێکخراوی کەمئەندامانی ھەڵەبجە، بەھاوکاریی رێکخراوی فیدای نێودەوڵەتی پرۆژەیەکمان ھەیە بەناوی (باشترکردنی ھەلی خوێندن بۆقوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت) کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و تاکۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، ژمارەیەکی زۆر چالاکی لەخۆدەگرێت کە بریتیە لە کارکردن لەگەڵ قوتابیانی خاوەن پێداوستی تایبەت، لە قوتابخانەکان و لەگەڵ مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت و پرۆگرامەکانی خوێندن و چاککردنی بینای قوتابخانەکان، بەتایبەتی دروستکردنی رەمپا بۆبینای قوتابخانەکان بۆئاسانکاریی ھاتوچۆی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت".
مەریوان وەھبی لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەچوارچێوەی پرۆژە یەک ساڵیەکەماندا خولێکی دوو مانگی ھاوینەمان بۆمنداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردەوە کە خۆی لەوانەکانی ئەلف و بێی کوردی و زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر و وانەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و وەرزشی و ھونەریی بۆقوتابیەکان لەخۆدەگرێت، کە ئەمڕۆ ئاھەنگی کۆتایی خولەکەمان بەبەشداریی دایکان و باوکان و خودی منداڵە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان سازکرد".
سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی ھەڵەبجە گوتیشی: "خولەکە ٨٥ قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەتی قۆناغی بنەڕەتی گرتووەتەوە و سەرجەم پێداویستی و تێچووەکانی لەسەر پرۆژەکە دابینکراوە، ھیچ ئەرکێکی ماددیی نەکەوتووەتە سەر باوکان و دایکان و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بووە بۆئەم منداڵانە بەتایبەت لەم کاتی قەیرانە ماددیەدا".
وەھبی راشیگەیاند "کۆی پرۆژەکە ١٩١ قوتابی سنووری ھەڵەبجە لەخۆدەگرێت، بەڵام ٨٥ قوتابیان پێویستیان بە بەشداریی خولی دوو مانگەی ھاوین ھەبوو، ھەرچەندە تائێستا سوودمەندی پرۆژەکەمان تەنھا منداڵانی ھەڵەبجە بوون، بەڵام ھەوڵدەدەین ئەم سێ مانگەی لەکاری پرۆژەکەمان ماوە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی دەرەوەی شارەکەش سوودمەندی چالاکیەکانمان بکەین، داواش لەرێکخراوی فیدا دەکەین بۆساڵی ئایندەش ھاوکارمان بن، بۆبەردەوامیدان بەوخزمەتانەی پێشکەشی منداڵانی خاوەن پێداویسیتی تایبەتی ھەڵەبجە کراون و خزمەتەکانیش منداڵانیتر بگرێتەوە".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ھەڵەبجە بەوەکالەت، سۆران عومەر رایگەیاند "لەزۆربەی قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی ھەڵەبجە، مامۆستای پەروەردەی تایبەتمان بۆقوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکردووە، ھاوکات سەنتەرێکی تایبەتی پێشوەختی پەروەردەییمان بۆمنداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستی زۆریان بەمامۆستای خاوەن سەلیقەی کۆمەڵایەتی باش ھەیە تا بتوانن مامەڵەی ھەموو کێشەکانیان بکەن و جێی دایک و باوکیان بۆبگرنەوە".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ھەڵەبجە بەوەکالەت لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆئەمساڵ لەڕێگەی رێکخراوەکانی ھەڵەبجەوە داوامان کردووە، ئەو کەسانەی دەتوانن بەشێوەیەکی خۆبەخشانە ھاوکاریی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی بکەن، ھاوکارمان بن لەسەنتەرەکەماندا تا بتوانن خزمەتی زیاتر پێشکەشی منداڵان بکەین، تاڕادەیەکی باش بەدەمەوە بوون ھەیە و ژمارەیەکی باش لەخۆبەخش ئامادەیی ھاوکارییان دەربڕیوە، ئێمەش لەقوناغی ھەڵسەنگاندن و تێستکردنیانداین و پاشتر ئەو بەڕێزانە و دەستبەکاربوونیان رادەگەیەنین".
عومەر گوتیشی: "بۆئەمساڵیش سەرەرای نەبوونی گواستنەوەی مامۆستایان لەدەرەوەی شارەوە بۆناوشار، بەڵام بەمەرجی خزمەتکردن بەمنداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کارکردن لەپەروەردەی تایبەتدا ھەر مامۆستایەک ئارەزوومەندی گواستنەوەی ناوشار بکات، ئێمە لاری نەبوونیان بۆدەنوێنین".