Derya Gülnaz Özcan
25 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2022
ئەسینا - AA
لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ساز کرا و تیایدا ئیدانەی کوژرانی مەحسا ئەمینیی تەمەن ۲۲ ساڵ کرا کە بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دەستبەسەرکردنیشی گیانی لەدەست دا.
رەوەندی ئێرانی نیشتەجێی یۆنان، بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد و سەرجەم خۆپیشاندەران دژبە دەسەڵاتی ئێران، دروشمیان گوتەوە و کوژرانی ئەمینییان ئیدانە کرد.
هەندێک لە ژنانی ناو خۆپیشاندانەکەش وەک کاردانەوەیەک، قژی خۆیان بڕی.
رۆژی ١٣ی ئەیلوول، مەحسا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" دەستبەسەر کرا، بەهۆی ئازاردانی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بەسەختی برینداربوو و لە ١٦ی ئەیلوولدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.