Selen Valente Rasquinho
16 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2024
برۆکسل - AA
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، کایا کالاس ئاماژەی بەوە کرد ئەمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی ڕەوانەی دیمەشق دەکات و، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکەش گفتوگۆ دەکەن لە بارەی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا دروست دەبێت.
کالاس کە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی ئەوە یەکەمجارە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، لە میانی چوونی بۆ کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
کایا کالاس باسی لەوە کرد کە یەکەم ماددەی کارنامەی وەزیرەکان، پێشهاتەکانی سووریا دەبێت و، ڕایگەیاند: "باڵاترین دیپلۆماتکارمان ئەمڕۆ لە دیمەشق دەبێت".
گوتیشی: "داوام لەوان کرد بچنە سووریا و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی نوێ و خەڵکی ئەوێدا دروست بکەن".
کالاس ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ڕۆژی شەممە، ١٤ی کانوونی یەکەم لە ئوردن لەگەڵ کاراکتەران لە نێویشیاندا تورکیا، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و، ڕایگەیاند: "بەڕای من زۆر گرنگە کاراکتەرانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بەهەمان شێوە تابلۆکە ببینن و خوازیاری ئەوە بن ئەم وڵاتە حکوومەتێکی سەقامگیری و ئاشتیخوازی هەبێت".
ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەدا گفتوگۆ دەکەین لە بارەی ئەوەی لە چ ئاستێکدا پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سووریا دروست بکەین".
هەروەها کالاس باسی لەوە کرد کارەکانی حکوومەتی نوێی لە سووریا کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دروست دەبێت، یەکلاکەرەوە دەبن لە بارەی ئەو هەنگاوانەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەفتەکانی داهاتوودا دەیاننێت.