Ömer Tuğrul Çam
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
بڕۆکسل-AA
یەکێتیی ئەورووپا لەسێدارەدانی زۆرانبازی ئێرانی، نوید ئەفکاری ئیدانە کرد کە تۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی لە خۆپیشاندانەکانی دژبە حکوومەت لە ساڵی ٢٠١٨دا درابووە پاڵ.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە یەکێتیی ئەورووپا، لەسێدارەدانی نوید ئەفکاری بەتوندی ئیدانە دەکات.
جۆزێپ بۆڕێڵ جەختی لەوەیش کردەوە کە مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە بابەتەکانی ناوەندی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا- ئێران و ئاماژەی بەوەیش دا کە یەکێتیی ئەورووپا دژبە سزای مەرگە.
زۆرانباز، نوید ئەفکاری لە مانگی ئەیلوولدا بەتۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی شاری شیراز لە میانی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئابی ٢٠١٨دا، دەستگیر کرا و مانگی رابردوو لە کۆتا دانیشتنی دادگادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
وێڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە ١٢ی ئەیلوولدا سزاکە جێبەجێ کرا و نوید ئەفکاری تەمەن ٢٧ ساڵ لەسێدارەدرا.