Ömer Tuğrul Çam
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2021
برۆکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا کودەتا سەربازییەکەی میانماری بەتوندی ئیدانە کرد و داوای کرد سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارلس میشێل لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، کودەتاکەی ئیدانە کرد و داوای لە سوپای میانمار کرد ئەو ژمارە زۆرەی لە خەڵکی کە لە سەرانسەری وڵاتدا بە نایاسایی دەستگیرکراون ئازاد بکات.
گوتیشی: ''پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگیرێت و پرۆسەی دیموکراسیی سەرلەنوێ بنیاتبنرێتەوە''.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەتوندی ئیدانەی کودەتاکەیان کردووە و رایگەیاندووە ''پێویستە رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان و دەستوور بگیرێت. گەلی میانمار دیموکراسی دەخوازێت. یەکێتیی ئەورووپا لە پاڵ ئەواندایە''.
ئەمڕۆ بە بیانووی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی هەشتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، سوپای میانمار رایگەیاند کە بۆ ماوەی ساڵێک دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە میانمار بانگەشەکانی سوپای لەبارەی ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەدرۆخستەوە کە تیایدا پارتەکەی ئونگ سان سو چی دەسەڵاتدار، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
سوپای میانمار، پشتیوانی لە پارتی گهشهسهندن و هاریكاری بۆ یهكگرتوویی دەکات کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەو وڵاتەیە.