hemn husain
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2016
جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی ئایدن مەعرووف، نیگەرانی خۆی لە كابینەكەی عەبادی دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت ئەگەر هیچ پرس و راوێژ بە پێكهاتەی توركمان نەكرێت ئەوا لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بەو كابینەیە نادەن و هاوكات حكوومەتی عێراقیش بە كەمتەرخەم دەزانێت لەبەرامبەر خراپی بارودۆخی ئەو ناوچانەی زۆرینەی پێكهاتەی توركمانی لێ نیشتەجێن.
جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئایدن مەعرووف لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەبارەت بە حكوومەتی عێراق ئەوا ئێمە وەكو بەرەی توركمانی عێراق لەگەڵ چاكسازین و پشتیوانی چاكسازی دەكەین ئەگەر هاتوو هەر حكوومەتێك كە پێكهات، بەڵام ئەگەر پێكهاتەكانی تێدانەبوو بەتایبەتی پێكهاتەی توركمان كە نەتەوەی دووەمە لە هەرێمی كوردستان و نەتەوەی سیێیەمە لە عێراق، ئەگەر هاتوو بۆچوونی نەتەوەی توركمان وەرنەگیرا و راوێژمان پێنەكرا، ئەو ئێمە پاڵپشتی ئەو حكوومەتە ناكەین، چونكە ئەمە كارێكی ناڕەوایە و ناعەدالەتییە بەرامبەر توركمانەكان، لە كاتێكدا توركمانەكان نەتەوەیەكی بنەڕەتین لەو وڵاتە، بۆیە ئەگەر هاتوو هەست بكەین توركمانەكان پشتگوێ دەخرێن و مافیان دەخورێت ئەوا ئێمە لە كۆبوونەوەی داهاتوو لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بەو كابینە نوێیە نادەین".
ئایدن مەعرووف داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد كە رەچاوی پێكهاتەی توركمان بكات بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن لە هەرێمی كوردستان و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین كە رەچاوی پێكهاتەی توركمان بكەن و دەبێت توركمانەكان بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە دەستووریش ئاماژەی پێكراوە وەكو مافێكی سەرەكی خۆمان".
جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی پێی وایە كە پێكهاتەی توركمان كێشەی زۆریان هەیە لە ناوچە جیاجیاكاندا و گوندی بەشیری وەك نموونە هێنایەوە كە ماوەی دوو ساڵ دەبێت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لەمباریەوە گوتی: "هەموو لایەك دەزانێت كە ئێمە كێشەی زۆرمان هەیە لەناوچەی بەشیر و تەلەعفەر و مووسڵ و كەركووك و تازە خورماتوودا كە بەداخەوە تاوەكو ئێستا حكوومەتی عێراق هەڵوێستێكی نەبووە بۆ پشتیوانیكردنی پێكهاتەی توركمان لە كاتێكدا ئێمە هەموو رۆژ شەهید و بریندارمان هەیە، بۆیە ئێمە داواكارین لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی كە بەرپرسن لە دۆسیەی عێراق فشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پێكهاتەی توركمانیش وەكو مافی خۆی بەشداری پڕۆسەی سیاسی بكات".
سەبارەت بە پرس و راوێژ و وەرگرتنی بۆچوونی پێكهاتەی توركمان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە سەبارەت بە درووستكردنی حكوومەتی تەكنۆكرات، ئایدن مەعرووف گوتی: "تاوەكو ئێستا هیچ پرس و راوێژ بە ئێمە نەكراوە لە كاتێكدا ئێمە كاندیدیشمان ناردووە بۆ بەغدا و لە بەغداش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێك دیار نییە كە پرس و راوێژ بە ئێمە بكرێت".
جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی پێی وایە ململانێی مەزهەبی و تایفی بوونەتە هۆی نارامی ناوچەكە و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "دەبیت گوندی بەشیر ئازادبكرێت ولایەنە سیاسییەكانیش واز لە ململانێی مەزهەبی و تایفی بهێنن، چونكە ئەمە وایكردووە كاریگەری خراپی لەسەر ناوچەكە هەبێت و باشتر وایە ئەو هێزانە پێكەوە رێكبكەون بۆ ئەوەی بتوانن ناوچەكە ئارامبێتەوە".
گوندی بەشیر نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە شاری كەركووك دوورە و زۆربەی دانیشتوانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و ئەم گوندە لە مانگی 6ی ساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە داگیركرا و ئەم گوندە پێگەیەكی ستراتیجی بۆ داعش هەیە، چونكە كۆنترۆڵكردنەوە گوندی بەشیر، كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە ئاسان دەكات و لە هەمانكاتدا پێگەی ستراتیجی گوندی بەشیر وایكردووە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەبێ هاوكاری هێزی هاوپەیمانان و تەنانەت هێزەكانی حكوومەتی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندینجار هێرشیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەم گوندە دەستپێبكەن، بەڵام تائێستا هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بووە.