Zana Natık Kerem
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب حەیدەر عەلی وائیلی رایگەیاند كە لە ئێستادا، هێزەكانی عێراق شەڕێكی قورس دژی چەكدارانی داعش لە نزیك گرتووخانەی بادوش دەكەن ئەوەش دوای ئەوەی رێگەی ستراتیجی نێوان بەشی راستی مووسڵ و تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكرایەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، حەیدەر عەلی وائیلی گوتی: "هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆش لە پێشڕەوییەكانیاندا گەیشتنە نزیك گرتووخانەی بادوش و لە ئێستادا لەوێ دژی چەكدارانی داعش شەڕ دەكەن.
حەیدەر عەلی وائیلی گوتیشی: "گرتووخانەكە دەكەوێتە سەر رێگەی ستراتیجی نێوان بەشی راستی مووسڵ و قەزای تەلەعفەر كە دوێنێ هێزە هاوبەشەكانی عێراق كۆنتڕۆڵیان كردەوە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە كۆنتڕۆڵكردنەوەی گرتووخانەی بادوش و خانووەكانی دەورووبەری، مانای وایە كۆنتڕۆڵكردنەوەی رێگەی ستراتیجی نێوان بەشی راستی مووسڵ و تەلەعفەر زیاتر پارێزراو دەبێت.
گرتووخانەی بادوش كە دەكەوێتە دەورووبەری ناحیەی بادوش ٢٥ كیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ لە مانگی حوەزیرانی ساڵی ٢٠١٤، داعش كۆنتڕۆڵی كرد و ژمارەیەكی زۆری بەندكراوی گرتووخانەكە لەسەر دەستی داعش گولـلەباران كران.