Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی - AA
ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئەبوبەكر هەڵەدنی رایگەیاند کە هیچ یاسایەك نییە کە وادەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت لە دوای هەڵبژاردن دیاریبكات، پێشبینی ئەوەش دەكات بەهۆی ناكۆكییەكانی هەردوو لایەنی دەسەڵاتدارەوە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو درێژە بكێشێت.
ئەبوبەكر هەڵەدنی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی : "بەداخەوە لە خوولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە فراكسیۆنەكان پەنا بۆ ئەم نەریتە دەبەن بە هێشتنەوەی كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی تاوەكو ئەو كاتەی لایەنە سیاسییەكان لە دانوستانەكاندا دەگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكانی پەرلەمان و حكوومەت، ئێمە هیچ ماددەیەكی یاساییمان لەهیچ یەك لە یاسا بەركارەكانی هەرێم و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا نیيە كە وادەیەكی دەستنیشان كردبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت و رێوشوێنەكانی تر".
هەڵەدنی گوتیشی:"بەم هۆیەوە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان چاوەڕوانی مەرحەمەتی لایەنە سیاسییەكان دەكەن كە بگەنە رێككەوتن، ئەوكات كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە".
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە خاوەنی پێنج كورسی پەرلەمانە لەگەڵ دوو لایەنی تری نێو پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاندووە و، بەشداری كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكەن.
ئەبوبەكر هەڵەدنی لە بارەی هەڵوێستی ئەوان وەك لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر دواكەوتنی كۆبونەوەكانی پەرلەمان گوتی: "لە خوولی پێشووی پەرلەمان چەند رێگایەكمان گرتەبەر لە سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان و مانگرتنی پەرلەمانتاران و گوشاركردن لە حزبەكان، بەڵام بە ئەزموونی ئێمە لە خوولی پێشوو ئەم رێكارانە ئاكامێكی وای نەبوو، ئەوەی ئێستا كە پڕۆسەكەی قورستركردووە بابەتی ناكۆكی نێوان ئەو لایەنانەیە كە دەیانەوێت بەشداری حكوومەت بن ".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان پێشبینی دەكات پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ماوەی چەند مانگێكی تر درێژە بكێشێت، لەو بارەیەوە گوتی: "بەداخەوە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری سەرەكی كردووەتە سەر دواخستنی دانوستانەكان و پێكنەهێنانی حكوومەت و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئێستاش كێشەكانی نێوانیان لەسەر ئاستی عێراق و پارێزگای كەركووك و ناوخۆی هەرێمی كوردستان وایكردووە سستییەك لە رەوتی دانوستانەكان دروست ببێت كە ئێستا بیر لە رێگاچارەی تر دەكەنەوە لە راكێشانی كارتی دوو ئیدارەیی و ئۆپۆزسیۆنبوون لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئەمەش كاریگەری كردووە".
هەڵەدنی گوتی: "تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر زۆربەی بابەتەكانی نێوانیان جیاوازە و، ئێستا چەندین تەنگژەی سیاسی لەنێوانیان دروست بووە، كە ئەوەش وا دەكات پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو درێژە بكێشێت".
نزیكەی 100 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕ دەبێت، خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی رابردوو، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و، پەرلەمانتارانی خولی نوێ سوێندی یاساییان خوارد، سەرۆكی كاتی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی بە كراوەیی هێشتەوە تا ئەو كاتەی لایەنە براوەكان دەگەنە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی پۆستەكان و پێكهێنانی حكوومەت لەنێو خۆیاندا.