Hemn Baban
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
هه‌ولێر - AA
- "ئه‌مریكا و توركیا رێگه به‌مانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ناده‌ن له شنگال"
پڕۆفیسۆر دکتۆر خه‌لیل ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه بۆ شوێن و پێگه‌ی ستراتیجیی چیای شنگاڵ ده‌كات و ده‌ڵێت له رووی سه‌ربازی و ستراتیجییه‌وه ناوچه‌یه‌كی گرنگه و لەوبارەیەوە ده‌ڵێت "له سه‌ره‌تای مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌ی هیلالی شیعی زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئێران به‌رده‌وامه له رێگه‌ی عێراقه‌وه تا سووریا و لوبنان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، ناوچه‌ی شنگال ناوچه‌یه‌كی گرنگه و پردێكه له نێوان ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و له نێوان عێراق و ئێران و سووریا و لوبنانیش، بۆیه ئه‌مریكا ره‌تی ده‌كاته‌وه ئێران له‌و ناوچه‌یه بێت، توركیاش ره‌تی ده‌كاته‌وه، بۆیه توركیا و ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچه‌یه نه‌مێنێت و حكوومه‌تی عێراقیش وه‌كو ئێستا له‌و ناوچه‌یه نامێنێت و ئه‌م ناوچه‌یه بۆمبی ته‌وقیتكراوه ده‌بێت ببێته ناوچه‌یه‌كی هێمن، چونكه به‌ڕاستی نه توركیا ده‌هێڵێت قه‌ندیلی دووه‌م لە ناوچه‌ی شنگال دروست بێت، نه ئه‌مریكا پێی خۆشه حه‌شدی شه‌عبی له‌وێ بێت، بۆیه له‌گه‌ڵ عێراق له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه نه‌مێنێت".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "پێشتریش كه پێشمه‌رگه چووه‌ته ئه‌و شوێنانه به‌ڕێككه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به ئاگاداری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بمێنێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكوومه‌تی عێراق به‌و شێوه‌یه ئه‌و ناوچانه‌ی داگیر كرد".
پڕۆفیسۆر دکتۆر خه‌لیل ئیسماعیل له كۆتایی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت "ناوچه‌ی شنگال ناوچه‌یه‌كی ستراتیجیی گرنگه، چونكه یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی چۆڵه‌وانییه، ده‌شتاییه، ئه‌م ناوچه‌یه له ته‌له‌عفه‌ره‌وه تا سنووری عێراق و سوریا پێیده‌ڵێن بادییه‌ی جه‌زیره ناوچه‌یه‌كی ده‌شتاییه له‌و ناوچه‌یه ته‌نها چیای شنگالی لییه، ئه‌م چیایە له ناوچه‌یه‌كی كراوه‌یه و له رووی سه‌ربازییه‌وه سوودی لێ ده‌بینرێت، هه‌روه‌ها چیاكه له هه‌ندێك شوێن زۆر به‌رزه و ده‌گاته هەزار و 600 مه‌تر و به‌ره‌و ناو سووریاش درێژ ده‌بێته‌وه، بۆیه له رووی سه‌ربازییه‌وه سوودی هه‌یه و درێژایی زۆره تا ده‌گاته ناو سووریا، بۆیه ناوچه‌یه‌كی زۆر گرنگه، به تایبه‌ت ئه‌مڕۆ سووریا كه وه‌زعی ئاوا خراپه، بۆیه قبووڵكراو نییه به لای ستراتیجیه‌تی ئه‌مریكا و توركیا كه ئه‌و چیایه حه‌شدی شه‌عبی یان ئێران كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و له‌وێ بمێننه‌وه".
"چیاكانی حه‌مرین تا مه‌كحول و تا شنگال ئه‌مه سنووری نه‌ته‌وه‌یی و سرووشتی هه‌رێمی كوردستانه"
پسپۆڕی جیۆسیاسییه، ئه‌و شاره‌زایی له توێژینه‌وه‌كانی دانیشتوان و هه‌روه‌ها له پلاندانان هه‌یه. له ساڵی 2006 له‌سه‌ر داوای بارزانی و تاڵه‌بانی نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نه‌خشه‌ی كوردستانی عێراقیشی كێشاوه و ئه‌و نه‌خشه‌یه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له پرۆگرامه‌كانی خوێندن وانه‌ی له‌سه‌ر ده‌گوترێته‌وه.
پڕۆفیسۆر دکتۆر خه‌لیل ئیسماعیل پسپۆڕ له جوگرافیای سیاسی له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو له‌سه‌ر ئه‌و رووبه‌ڕووی به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه له عێراق كه تیایدا هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زۆری ئه‌و خاكه‌ی له‌دوای 10ی حوزه‌یران و هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه كۆنتڕۆڵی كردبوون، له‌ده‌ستدا.
ئه‌و پسپۆڕه له‌وباره‌یه‌وه باس له نه‌خشه‌ی كوردستانی عێراق و رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت "گومانی تیادا نییه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان دوو نه‌خشه‌مان هه‌یه، یه‌كێكان ئه‌وه‌یه كه پێیده‌گوترێت نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه له‌دوای راپه‌ڕینی 1991 دروست بوو كه حكوومه‌تی عێراق سه‌رباز و ئیداره‌كانی خۆی كشانده‌وه بۆ ئه‌و هێڵه‌ی پێی ده‌گوترێت هێڵی سه‌وز، ئیدی ئه‌وه بوو به سنووری هه‌رێمی كوردستانی عێراق، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی هه‌ڵبژارد و حكوومه‌تی خۆی دروست كرد، له‌م سنووره به‌رده‌وام بووین تا ساڵی 2003، ئیدی له ده‌ستووری عێراق له ساڵی 2005 ئه‌و هێڵه كه به هێڵی سه‌وز ناسراو له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه دانی پێدانرا و ئه‌وه یه‌كێكه له نه‌خشه‌كانی كه پێیده‌ڵێین هه‌رێمی كوردستان". هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌شڵێـت "نه‌خشه‌یه‌كی دیكه هه‌یه كه پێیده‌ڵێین كوردستانی عێراق بریتییه له هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئێمه پێیده‌ڵێن ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراقیشدا پێیده‌گوترێت ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئێمه وه‌كو كورد له شاخه‌كانی حه‌مرین تا مه‌كحول و تا شنگال ئه‌مه سنووری نه‌ته‌وه‌یی و سروشتی هه‌رێمی كوردستانه، نه‌وه‌ك به‌س ئێمه بیڵێین، به‌ڵكو زۆرینه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان و زۆرێك له توێژه‌ره‌كانی عه‌ره‌بیش ئه‌مه به سنووری كوردستانی عێراق ده‌زانن".
ئه‌و پسپۆڕه هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "له هه‌مووی گرنگتر لێژنه‌ی کۆمەڵەی میللەتان له ساڵی 1924 راپۆرتێكی پێشكه‌شی کۆمەڵەی میللەتان کرد و له‌و راپۆرته‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه له حه‌مرینه‌وه بۆ سه‌ره‌وه كه باسمان كرد ئه‌وه سنووری كوردستانه".
- "له 16ی ئۆكتۆبه‌ر و دواتر هه‌رێمی كوردستان 52 له‌سه‌دی خاكی له‌ده‌ستدا"
سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی دوای هاتنی داعش و ته‌واوبوونی نه‌خشه‌ی كوردستانی عێراق كه تیایدا هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی به كوردستانییان ده‌زانێت كۆنتڕۆڵ كرده‌وه دوای هه‌ڵاتن و بهجێهێشتنییان له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕه‌ی بواری جیۆسیاسی پڕۆفیسۆر دکتۆر خه‌لیل ئیسماعیل گوتی: "ئه‌و ناوچه‌یه له‌دوای هاتنی داعش ناوچه‌كانی كه‌ركووك و خانه‌قین و ده‌ورووبه‌ری و سه‌عدیه و جه‌له‌ولا تا ده‌گه‌یته شنگال پێشمه‌رگه توانی به قوربانییه‌كانی خۆی كه نزیك له دوو هه‌زار شه‌هید بوو توانی ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه، ده‌توانیین بڵێین پێشمه‌رگه توانی 95 له‌سه‌دی رووبه‌ری خاکی كوردستانی عێراق بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و هه‌رێمی كوردستان".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "هه‌ندێك ناوچه پێش هاتنی داعش به شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی له ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان بوون بۆ نموونه خانه‌قین، ئه‌م شاره له رووی ده‌ستورییه‌وه به‌شێكه له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، هه‌روه‌ها شێخان، مه‌خموور، ئه‌م ناوچانه تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوون به كرده‌یی، به‌نافه‌رمی".
پڕۆفیسۆر دکتۆرخهلیل ئیسماعیل ده‌شڵێت "بۆیه ده‌توانیین بڵێین ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له رووی رووبه‌ره‌وه رێژه‌ی 52 له‌سه‌دی رووبه‌ری كوردستانی عێراق پێكده‌هێنێت، له رووی دانیشتوانیشه‌وه نیوه‌ی دانیشتوانی كوردستانی عێراق پێكده‌هێنن".
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دواتر كه تیایدا هه‌رێمی كوردستان خاكێكی زۆری له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی عێراق به یارمه‌تی سوپاكه‌ی و حه‌شدی شه‌عبی به‌جێهێشت، پڕۆفیسۆر دکتۆر خه‌لیل ئیسماعیل رایده‌گه‌یه‌نێت "هه‌موو ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر 100 له‌سه‌دی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبیدایه، هیچیان به ده‌ستی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌ماون، واته 52 له‌سه‌دی خاكی كوردستانی عێراق".
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش ئه‌و پسپۆڕه ده‌ڵێت "به نیسبه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقیش ئه‌وه پێشێلی ده‌ستووره هه‌ریه‌ك له‌لای خۆیه‌وه به ته‌نها ئیداره‌ی بده‌ن و ئاسایش و ئه‌منییان له‌وێیه، ئه‌وه‌ی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر هاته كایه‌وه ناده‌ستوورییه، ئه‌وه‌ش پێشێلكاریی یاسایه، چونكه له ده‌ستووردا ده‌ڵێت ئه‌و ناوچانه به هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ده‌برێت، نابێت وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه حكوومه‌تی عێراق به ته‌نها ئه‌و ناوچانه به‌ڕێوه‌ببات، بۆیه ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا گفتوگۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه پێكه‌وه به‌هاوبه‌شی ئیدارهبدهن".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "له قۆناغی یه‌كه‌مدا ده‌بێت هه‌ردوولا به‌غدا و هه‌ولێر گفتوگۆ بكه‌ن و ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش له خه‌ڵكی شاره‌كان و به هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و عێراق بێت، دووه‌م ده‌بێت مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت و ده‌بێت به پێی ده‌ستوور سه‌رژمێری بكرابا و ریفراندۆم له‌و ناوچانه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه یه‌كلایی ببێته‌وه، به‌ڵام ئێمه كه ریفراندۆممان كرد به داخه‌وه هه‌موو هاتنه سه‌رمان".