Abdullah Shukur
25 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2016
مووسڵ
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابڕدوو ٧٢ چەکداری سەر بەم رێکخراوە کوژران و ھێزەکانی حەشدی شەعبیش بەرەو رۆژئاوای شاری مووسڵ لە پێشڕەویدان.
فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە سوپای عێراق بە نووسراوێک رایگەیاند کە ھێزەکانی عێراقی ٤٩ چەکداری سەر بە داعش لە رۆژھەڵات و ١٠ چەکداریش لە باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ کوشتووە.
راشگەیەنرا کە دەستەبەسەر ژمارەیەکی زۆری چەکی سەر بەم رێکخراوە داگیراوە و تەقەمەنییەکانیش پوچەڵکراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەش لیوا تالیب شەگاتی لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان بە کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی عێراقی راگەیاندووە کە خەڵکی مووسڵ زانیاری گرنگیان داوەتە سوپای عێراق لەبارەی ھەنگاوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە لایەکی دیکەش ھێزەکانی حەشدی شەعبی ژمارەیەک گوندیان لە رۆژئاوای شاری مووسڵ کۆنترۆڵکردەوە. راشگەیەنرا کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی ١٣ چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان کوشتووە و دوو ئۆتۆمبێلیشیان تێکشکاندووە.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری مووسڵ بە ھاوبەشی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و پۆلیسی عێراقی ھاوکات بە پشتیوانی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ١٧ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردبوو.