Mazın Asad
20 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا(ئیف بی ئای)، جێمس کۆمی رایگەیاند لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆکانی دەستێوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەگەری بوونی پەیوەندی رووسیا بە کەمپینەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەکەن.
کۆمی لەگەڵ بەرپرسی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا مایکل رۆگیرس بەشداری لە دانیشتنێکی کۆمیتەی ھەواڵگری ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ژێرناونیشانی "دەستێوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنەکان" کرد و وەڵامی ئەندامانی کۆمیتەکەیان دایەوە.
کۆمی لە گوتەیەکیدا ئاماژەی بەوە دا کە دەزگای ئیف بی ئای لەبارەی لێکۆڵینەوەیەک زانیاری بڵاو ناکاتەوە و راشیگەیاند بە لەبەرچاوگرتنی رای گشتی ئەمریکا لەسەر دەنگۆکانی بوونی پەیوەندی رووسیا بە کەمپینەی ترەمپ، کارێکی بەدەر لەوە دەکەن.
سەرۆکی ئیف بی ئای گوتیشی: "ئیف بی ئای وەک پارچەک لە ھەوڵەکانی ھەواڵگری، لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندی حکوومەتی رووسیا بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ٢٠١٦ دەکات".
کۆمی روونیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی تاوانێک چڕدەبێتەوە و زیاتر گوتیشی: "ھێشتا دۆسیەی ئەم لێکۆڵینەوە دانەخراوە و درێژەی ھەیە. لێکۆڵینەوەکان بە نھێنی درێژەی دەبێت".
کۆمی جەختی لەوەش کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە لە تەمووزی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە و گوتیشی: "ئەمە کاتێکی کورتە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی لەو جۆرە. نازانن لێکۆڵینەوەکان چەند دەخایەنێت".