Sangar Hamad Azeez
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی شوێنێکی گشتی کرد لە ریزە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کرد و گوتی: "چوینە ناو جەرابلوس دواتر راعی، لە ئێستادا پێشڕەویی دەکەین، بەرەو کوێ ؟ بەرەو دابق دەڕۆین لەوێ پێنج هەزار کیلۆمەتردووجا لەژێر دەستی تیرۆریستان دەردەهێنین و دواتر ناوچەی ئەمنی رادەگەیەنین. ئێمە چاومان لە بستێک خاکی سووریا نییە، بەڵام نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری لەناو خەکەکامان هەن، ناوچەکە بۆ ئەو پەنابەرانە فەراهەم دەکەین، با ئەوان بگەڕێنەوە خاکی خۆیان و لەسەر زێدی خۆیان بە ئارامی بژین، ئەوەیە ئەو هەنگاوەیە کە ناومانە".
ئەردۆغان هەروەها باسی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ کرد و گوتی: "رێگە بە داعش و هیچ رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی نادەین مووسڵ داگیر بکات".
ئەردۆغان جەختی کردەوە لەوەی کە بوونی هێزێکی تورکیا لە باشیک وەک گرەنتی بەرگرتنی هەڕەشەی تیرۆرە لەسەر تورکیا و گوتی: "لە ئێستادا وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا دەکات لە چوارچێوەی داوای لۆزان بەشداری لە هاوپەیمانی دژی داعش بکات، ئێمە شانبەشانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش و رێکخراوەکانی دیکەی تیرۆریستی دەجەنگین. باکەس باس لە بنکەی سەربازیمان نەکات لە باشیک، ئەو بنکەیە لەوێ دەمێنێتەوە. لەبەر ئەوەی ستراتیجیەتی ناوچەی باشیک بەشێوەیەکە کە هەڕەشەی بۆسەر خاکی تورکیا دەبێت لە ئەگەری چۆڵکردنی ناوچەکە".
گوتیشی: "ئەوانەی دەخوازن رێگری بکەن لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە سووریا و ئەوانەشی دەڵێن لەپشت ١٥ی تەمووزەوە نین، ئەوا یان ئاگایان لە دنیا نییە، یان خۆیان لەناو کارەکەدان. هەرکەسێکیش دەڵێن ئەوانەی دەخوازن تورکیا بکەنە دەرەوە لە هاوکێشەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، پەیوەندیان بە ١٥ی تەمووزەوە نییە، ئەوا یاری دەکەن بە عقلی ئەم میللەتە".
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر روونکردنەوەکانی جەهەپە کە رایانگەیاندبوو کەوا لەگەڵ ئەو گیانە نین کە لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی یەنیکاپی هەڵقوڵا و گوتی: "با لەگەڵی نەبن، بوونتان یا نەبوونتان هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەو پێنج ملیۆنەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکە کرد بیروڕای ئەوان بۆ ئێمە گرنگە رای ئەو کەسانە گرنگە کە بە دڵ لەگەڵ کۆبوونەوەکە بوون".