واشنتۆن
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، پێیوایە پرسی ھەبوون یان نەبوونی چەکی کیمیاوی نھێنیە و پێویست ناکات لەسەر ئەو بابەتە لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قسە بکات
لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی CBS ئەسەد، دەڵێ ئەمریکا بەبێ ھەبوونی بەڵگە گفتوگۆی ئەنجامدانی ھێرشی سەربازی سنوردار دەکات. گووتیشی، جۆن کێری لە ماوەی رابردوو، نەیتوانی ھیچ بەڵگەیەکی پێویست بخاتە ڕوو لە بارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی. ھەروەھا ئەم ھەڵوێستەی جۆن کێری بە ھەوڵی کۆڵن پاوڵ چواند کە پێش ھێرش کردنە سەر عێراق، ئەمریکا پروپاگەندەی بۆ دەکرد.
ئەسەد باسی لەوە کرد، لە ئێستادا لەو وڵاتدا تەنیا دەنگی ئازارو مەینەتی دەبیسترێت، داوای کرد کە ھەرچی زووترە ئەو شەڕە لە سوریا کۆتایی پێبێت .
ئەسەد، بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ٢١ ی ئابدا لەلایەن سوریاوە کە ھاوکات بوو لەگەڵ دەست پێکردنی پشکنینی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کارێکی نا لۆژیکی وەسف کرد و دەڵێت": ھیچ لۆژیکێک ڕێگە بەوەنادات ھاوکات لەگەڵ دەستپێ کردنی تیمەکانی پشکینینی چەکی کیمیاوی، ئەو چەکە بەکار بێنێ".
ئەسەد پێیوایە ئامادەکردنی چەکی کیمیاوی ئەوەندە ئاسانە کە دەتوانرێت لە ناو باخچەی ماڵێکیشدا ئامادە بکرێت. باسی ئەو چەند گرتە ڤیدیۆیەشی کرد، کە تیایدا ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب چەکی کیمیاوی بەکاردێنن.
سوپا لە ئێستادا لە جاران بەھێزترە
لە وەڵامی پرسیارێکی ئایا دەکرێ بەھۆی بێھێزی سوپای سوریا چەکی کیمیاوی بەکارھێنابێ؟ ئەسەد دەڵێت:" سوپای سوریا لە ئێستا لە جاران بەھێزترە و ھیچ پێویست بە بەکارھێنانی چەک ناکات".
"تەنیا حیزبولڵا لەسەر سنورەکانمانە ھیچ جۆرە پشگیریەکی سەربازی لەئێران وەرناگرین".
لە بارەی ئەوەی ئێران و حیزبولڵا پشتگیری سەربازی سوریا دەکەن؟ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا ئەوە رەتدەکاتەوە:" ھیچ جۆرە ھاوکاری و پشتگیری سەربازی لە ئێران وەرناگرین، حیزبولڵاش تەنیا لەسەر سنوور جێگیربووە".
نە بەنەخێر، نە بە بەڵێ وەڵامی نادەینەوە
لەبەر ھەبوونی چەکی کیمیاوی، بەشار ئەسەد لە وەڵامی کەناڵی CBS دەڵێت:"نە بەنەخێر نە بەبەڵێ وەڵامی نەدایەوە، ئێوە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەکی کیمیاویمان ھەیە، ئەوە پرسێکی زۆرنھێنیە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قسەی لێناکەین".
نەخشە رێگای چارەسەری وەستانی شەڕ
ئەسەد لەو دیمانەیە باسی چۆنیەتی کۆتاییھێنان بەشەڕ دەکات، پێیوایە پێش ھەموو شتێک پێویستە ھێرشی تیرۆریستان بوەستێندرێ، پاشانیش خەڵک و پارتە سیاسیەکان گفتوگۆ بکەن بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی کاتی، بەمەش ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەکرێت و دواتریش چەک بێدەنگ دەکرێت.
ئۆباما بێ ھیوای کردین
لە بارەی خواستی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ھێرشی سنوردار بۆ سەر سوریا ئەسەد ئەو ھەوڵانەی بە ھەمان ھەوڵی ئیدارەی بوش چواند کەبە بێ بەبەڵگە ھێرشی کردە سەر عێراق و گووتی :" ئۆباما بەم ھەوڵەی ئێمەی بێ ھیوا کرد، سەلماندی کە ھیچ جیاوازیەکی لەگەڵ جۆرج بوش نیە".
لە پەیامێکیشی بۆ کۆنگرێسی ئەمریکی ئەسەد دەڵێ ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر سوریا لەگەڵ بەرژوەندیەکانی ئەمریکادا یەکناگرێـتەوە. ھەروەھا رایگەیاند ھێرش کردنە سەر سوریا بەھێز کردنی ئەلقاعیدەی لێدەکەوێتەوە. ھاوکات دوپاتی کردەوە ئەگەر ئەمریکا بەڵگەیەکی لەبەردەست بوایە تا ئێستا بڵاوی دەکردەوە.
لە بارەی قسەی ئۆباما کە دەڵێ رژێمی ئەسەد ھێڵی سووری بەزاندووە ئەسەد پێیوایە ئەو ھێڵانە لەلایەن ئۆباما خۆیەوە کێشراون، ھێڵی سووری نێودەوڵەتی نین .
سەبارەت بەوەی شەڕی سوریا رەھەندێکی ئایینی وەرگرتووە، ئەسەد دووپاتی دەکاتەوە کە ھیچ شەڕێکی ئایینی لە سوریا نیە، بەڵکو ھەندێک ووڵاتی ناوچەکە وەک سعودیە و تورکیا ھاوکاری ئۆپۆزسیۆن لە سوریا دەکەن، پێیانوایە بەو شێوەیە دەتوانن یاری بە سوریا بکەن:" لە ئێستادا تورکیا بۆ ئەوەی لەناوچەکەدا بمێنێتەوە و بەھێزبێ ھەوڵ دەدات ئیخوان موسلیمین باڵادەست بێت"