واشنتۆن
سەرکۆماری ئەمریكا باراك ئۆباما سەبارەت بە ساڵی 2016 راپۆرتێكی ئاراستەی كۆنگرێس كرد كە بوودجەی ساڵی 2016 بە چوار ترلیۆن دۆلار خەملێنراوە.
ئۆباما لە بوودجەی ساڵی 2016دا بۆ هەر یەك لە وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی گەشەپێدانی نەتەوەیی ئەمریكا بەگشتی 50.3 ملیار دۆلاری دابین كردووە و بڕی حەوت ملیار دۆلاریش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دەریایی دەستنیشان كراوە.
ئۆباما هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی شەڕی دژی داعش و قەیرانی سووریا لە بوودجەی ساڵی 2016ی ئەمریكا بڕی 3.5 ملیار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ شەڕی دژی داعش، زیاتر كردنی هاوپەیمانەكان لە ناوچەكەدا، دابین كردنی پێداویستییە مرۆییەكان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
بێجگە لەو بڕە پارەیە هاوكات بڕی 1.1 ملیار دۆلاریش بۆ پشتگیریكردن لە دیالۆگی دیپلۆماسی لە عێراق و بەردەوام كردنی هاوبەشی ستراتیژێك لەگەڵ عێراقدا دابین كراوە. هەروەها بڕی 5.4 ملیار دۆلاریش بۆ جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دیكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دابین كراوە. لەلایەكی دیكەوە هەر لە بوودجەكەدا بڕی 5.6 ملیار دۆلاریش بۆ قەیرانەکانی مرۆیی وڵاتانی وەكو سووریا، باشووری سودان، كۆماری ئەفریقیا و عێراق دەستنیشان كراوە.