Muhammet Ali Kemal
11 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند کە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا، رووسیا و ئوردن بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە باشووری خۆرئاوای سووریا، دەکەن.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە راگەیەنراوێکدا خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا، رووسیا و ئوردن سەبارەت بە ئاگربەست لە سووریا، دەربڕی.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاندووە ''ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەیە بەرەو ئامانجی ئاگربەستێکی گشتگیر و کەمکردنەوەی توندوتیژیی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرانسەری سووریادا''.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کردووە کە ''داواکاریی هاووڵاتییە سوورییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەریی تا ئەو کاتەی ئاسایش لە وڵاتەکەیاندا دەستەبەر دەبێتەوە و بە رێزەوە دەگەڕێنەوە سووریا، لەبەرچاوبگرن و پارێزگاریی لەو مافەیان بکەن''، ئاشکراشیکردووە لەژێر رۆشنایی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، رێکخراوەکە دووبارە دەستی بە دانوستانەکان لەبارەی گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشەی سووریا، کردووە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، لەبەرامبەر ئەو ناکۆکییانەی لە سووریادا هەیە، هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی دووهێندە بکەن.