Hemin Hüseyin
11 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری وزەی ئەمریکا، ریک پێری بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و لەلایەن مەسعود بارزانی پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەناو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجام درا و نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو کە تیایدا مەسعود بارزانی وێرای بەخێرهاتنی شاندەکەی ئەمریکا، گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوەی باسی ھەموو ئەو بابەتانە بکەین کە ئەمڕۆ گرنگن بۆ وڵاتەکەمان، چ لە پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا، چ لە پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ ئەمریکادا، چونکە خۆشبەختانە دەبینین دەرفەتێکی تازە ھەیە و جێگای ئومێدە. ھەردوولا جەختمان کردەوە کە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکان لەرێگای دیالۆگ بکەین".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری وزەی ئەمریکا، ریک پێری گوتی: "بەتایبەتی سوپاسگوزاری جەنابی بارزانیم بۆ میوانداریکردن و رازیبوون بۆ ئەوەی بێتە ئێرە تاوەکو ئەو دیدارە ئەنجام بدەین، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرھەمدارمان ھەبوو. بەپەرۆشییەوە دەڕوانین بۆ بوونی رێککەوتنێکی ھەمیشەیی لەنێوان هەولێر و بەغدا".
ریک پێری گوتیشی: "شایەنی وەبیرھێنانەوەیە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئازایەتی و قوربانیدان و رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوان ھاوکاربوون لەوەی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستبێت، بەھۆی ھەوڵ و قوربانیدانی ئەوانەوە ئەمڕۆ خەڵک ئازادە. لەگەڵ ئەوەش دەرفەتی زیاتر و ئەمڕۆش ئێمە سەقامگیری زیاتر و ئاسایشی زیاتر دەبینین لە سەرانسەری ئەم ھەرێمەدا".
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دەرفەتە هەردوولا هاندەدات بۆ ئەوەی ببن بە هاوبەشی یەکتر و رایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە کە ئیتر جەخت لەسەر بونیادنانی ئابووری بکەنەوە و گوتی: "ئەمڕۆ لە گفتوگۆکانماندا جەختمان لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی تێگەیشتنی ھاوبەش کردەوە. ئەوەی دەمگەیەنێتە ئەو خاڵەی کە ھۆکاری سەردانەکەی من ئەمڕۆ بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی من، ھەروەھا ئەمریکا پێکەوە کاربکەین بۆ بونیادنانی ئاییندەیەک کە دەرفەتمان دەداتێ بەیەکەوە کاربکەین".
وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لە سەرچاوە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی "ئێمە ھەردوولامان سەرچاوە و سامانی سرووشتیمان زۆرە. لە ویلایەتی خۆم (تەکساس) کە لە دانیشتنەکەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بەراوردی ھەردوولامان دەکرد، واتا کوردستان و تەکساس، زۆر شتی ھاوشێوەی یەکتر ھەیە، ھەردوو باسی ئەوەمان کرد کە سەرچاوەیەکی زۆری وزە لەبەردەستمان ھەیە بۆ گەلی ئێمە لەوێ و ھەروەھا بۆ گەلی کوردستان لێرە. بۆیە ئێمە وایدەبینین کە لێرە دەرفەتێکی زۆر لەئارادایە بۆ بونیادنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆشگوزەرانی و سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانە".
جەیمس ریچارد، ناسراو بە ریک پێری، لە ساڵی ١٩٥٠ لە ویلایەتی تکساس لەدایکبووە، چواردەهەمین وەزیری وزەی ئەمریکایە، لە ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٥دا ٤٧ەمین پارێزگاری ویلایەتی تێکساس بووە و هەڵگری بڕوانامەی بکالۆریۆسە لە زیندەوەرزانیی.