Hemin Hüseyin
09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی داعش، برێت مەكگۆرک و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دۆگڵاس سلیمان و كونسوڵی گشتیی ئەمریكا بە وەكالەت لە هەولێر، هێنری هاگارد و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و تەحەددیاتەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بەرز نرخاند و جەختیش لەوە كرایەوە كە بوونی هەماهەنگیی كەم وێنە لە نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان سەركەوتنی مەزنی لێ كەوتووەتەوە.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و هەوڵەكانی ئەمریكا و هێزەكانی تر بۆ ئازادكردنی ڕەققە تاوتوێ كرا و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش سوپاسی تایبەتی ئەمریكای ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد كە هەرێمی كوردستان ئاسانكارییەكی زۆری بۆ تێپەڕبوونی هاوكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی لێقەوماوی سووریا ئەنجام داوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا بە دوورودرێژی هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی ڕیفراندۆم و هەنگاوەكانی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ئاڵوگۆڕ كرد و جەختیشیان لەوە كردەوە كە پەیوەست بەم بابەتە هەردوولا لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.