Zana Natık Kerem
09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
یەمەن ــ AA
بە هۆی بۆردومانی کەشتییە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی عەرەبی، ٣٠ چەكداری حووسی لە باشووری رۆژئاوای یەمەن كوژران و برینداربوون.
جێگری گوتەبێژی سوپای یەمەن لە شاری تەعز باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، عەقید عەبدولباست بەحر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە کەشتییە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی عەرەبی لە نزیك بەندەری مەخا، چەکدارانی حووسی و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەی هاملی لە سەربازگەی خالید بن وەلید و دەورووبەری لە رۆژئاوای پارێزگای تەعز بۆردومان كرد.
عەبدولباست بەحر ئاماژەی بەوەش دا كە بە هۆی بۆردومانەكەوە، ٣٠ چەكداری حووسی كوژران و برینداربوون.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە هەر بە هۆی بۆردومانەكەوە، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سەربازی حووسییەكان و هێزەكانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح تێكشكێنران و كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیش خاپوور بوو.
عەبدولباست بەحر راشیگەیاند كە هێزەكانی سوپای یەمەن، چەكدارانی حووسییان لە چیای وەعش باكووری شاری تەعز بۆردومان كرد كە بە هۆیەوە دوو چەكدار كوژران و سێی دیكەش برینداربوون.