Rewa Mahmood Hasan
01 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2023
سلێمانی - AA
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ٤٨ ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، "(هەرێمی) کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەی لەپێشە، جگە لە یەکڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەکی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بکات".
ئەمڕۆ یەکی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەبۆنەی ٤٨هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا پاش پیرۆزباییکردن کردن لە ئەندامانی پارتەکەی، هاوکات باسی لە چەندین ئاڵنگاری و کێشە کرد کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و تیایدا داوا دەکات گفتوگۆ و سازان بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەکان دوور لە بنەمای خۆسەپێنی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لە هەژمارەی خۆی بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت ''کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگە لە یەکڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەکی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بکات. دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێکەوە کوردستان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر ئاراستە بکەین. ژیان و سەرفرازیی خەڵکەکەمان خەمی گەورەمان بێت و بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان، ئامانجە باڵاکانمان لەبیر نەباتەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێتیی دەستپێشخەربووە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش و خەباتی کردووە لە پێناو بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی و دیموکراسی و فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی و نووسیویەتی: ''بڕوای تەواومان بە کاری هاوبەش و پێکەوەییە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان. دەبێت ناکۆکییەکان لە رابردوودا جێبهێڵین، پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر هەنگاوبنێین و ئەو ژیانە بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین کە بەڵێنمان پێدابوون".
سەرۆکی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت ''یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە بانگەشەی پێکەوەیی و یەکگوتاریی کردووە، چونکە پێمانوایە بەهێزیمان پەیوەستە بە پێکەوەبوون و یەکدەنگیمانەوە. لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان داوە و ویستوومانە لە بەغدا نوێنەری راستەقینەی خەڵکی هەرێم و بەدیهێنەری مافە یاساییەکانمان بین. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عیراق هەوڵمان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان داوە و بەردەوامیش دەبین. دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان، داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵک و وڵات مسۆگەر بکەین".