Zana Natık Kerem
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
وەزارەتی تەندورستیی عێراق رایگەیاند کە لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی لە دوو رۆژی رابردوودا، بەبۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجامدراون، ٢٤٠ خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنی برینداربوون.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەیف بەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە میانی دوو رۆژی رابردوودا، نەخۆشخانەکان پێشوازییان لە ٢٠٠ کارمەندی ئەمنی کردووە کە لە خۆپیشاندانەکاندا برینداربوون و رەوشی ٢٥یان ناجێگیرە".
سەیف بەدر گوتیشی: "هەروەها ٤٠ خۆپیشاندەر کە لە خۆپیشاندانەکاندا برینداربوون، رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون".
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا راگەیاند کە ١٤١ کەس بەتۆمەتی ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، دەستگیرکراون.