Mazın Asad
07 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
بەغدا
لە بەیاننامەی ھاوبەشی سێیەمین كۆبوونەوەی ھاریكاری ستراتیجی باڵای توركیا-عێراق ھاتووە: "ھەردوو لایەن رێگە بەبوونی ھیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی لە خاكەكەیان نادەن و رێگە نادەن بەئەنجامدانی چالاكی لەلایەن رێكخراوەكانی تیرۆریستی وەك ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ھەردوو وڵات. ھەردوو لایەن لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش ھەماھەنگی یەكتر دەكەن".
سێیەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھاوبەشی ھاریكاری ستراتیجی باڵای توركیا-عێراق بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی توركیا، بیناڵی یڵدرم و سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەڕێوە چوو و پاشان بەیاننامەیەكی ھاوبەش بڵاو كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و ستراتیجییەكانی نێوان ھەردوو وڵات كرا لەسەر بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو وڵات.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ھەردوولا رێككەوتوون لەسەر وەلانانی ئەو ھۆكارانەی ھەڕەشەی سەقامگیری و ئەمنی و جەمسەرگیری ئەتنیكی و مەزھەبی دروست دەكەن و لەژێر رۆشنایی سەقامگیری دیدی ستراتیجی ھەردوولاشدا پێكەوە ھەنگاو دەنرێت.
ھاوكات هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە كەمپی باشیك كەمپێكی عێراقە و ھەڵوێستی عێراق لەبارەی كەمپەكەوە جێگیرە و لایەنی توركیاش بەپێویستی زانی دەست بەقۆناغی كشانەوەی ھێزەكان بكرێت و كۆتاییش بەكێشەكە بھێنرێت. ھاوكات لایەنی توركیا دووپاتیكردەوە كە رێز لە یەكپارچەیی و سەروەری خاكی عێراق دەگرێت.
لە بەیاننامەكەدا توركیا و عێراق ئاماژەیان بەگرنگی كاری ھاوبەش لە رووی بازرگانی و ئابووری كردەوە و ھەردوو وڵات تیشكیان خستە سەر گرنگی واژووكردنی رێككەوتننامەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە بەھۆی تیرۆرەوە وێران بوون. ھاوكات توركیا و عێراق لەسەر پەرەپێدانی كاری ھاوبەش لەبارەی بەڕێوەبردنی ئاوی رووباری فورات و دیجلە و پرۆژەكانی ھاوبەشی ئاو رێككەوتن.
ھەروەھا لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "ھەردوو لایەن رێگە بەبوونی ھیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی لە خاكەكەیان نادەن و رێگە نادەن بەئەنجامدانی چالاكی لەلایەن رێكخراوەكانی تیرۆریستی وەك ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ھەردوو وڵات. ھەردوو لایەن لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش ھەماھەنگی یەكتر دەكەن".