Heman Hussein Yaseen
21 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2024
هەولێر - AA
دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەماندا، پێنج کورسیی پەرلەمانیی بۆ کۆتای پێکھاتەکان گەڕاندەوە و داواشی کردووە کە پێنچ کورسییەکان بەسەر بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بکرێن.
دەستەكە لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە دژبە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان "بەبێ رێکاری پاراستن"ی مافی نوێنەرایەتیکردنی پێکھاتەکان تۆمارکراوە، پێنج کورسی پەرلەمانی کوردستانی بۆ پێکھاتەکان گەڕاندووەتەوە.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە کە گەڕانەوەی پێنج کورسی بەس نیە بۆ ئەوەی مافی پێکھاتەکانی تیادا ڕەچاو بکرێت و، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە ھەڵبژاردنێک ئەنجام بدەن کە ڕێککەوتن و ڕەزامەندی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم تیادا بێت.
ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، عیرفان عەبدولعەزیز، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی، ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و گەڕانەوەی پێنج کورسی کۆتا، گوتی: "ئێمە بە مەرجێک بەشداری پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەکەین کە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان ڕێکبکەون، چونکە ھەم لە عێراق و ھەم لە ھەرێم پڕۆسەی سیاسیی بە ڕێککەوتنی سیاسیی بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا داوامانکردووە کە بەزووترین کات ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت".
عیرفان عەبدولعەزیز گوتیشی: "لە بابەتی پێکھاتەکاندا شێوازی بەشداریکردنییان کێشە نیە بە مەرجێک ڕەچاوی مافەکانییان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سیستەمی یەک بازنەیی پەیڕەو بکرێت ئەوا بێگومان باشترە بۆ ئەوەی بتوانن ھەموولایەک بەشداربن".
ھاوکات یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێیوایە کە گەڕاندنەوەی ئەو پێنج کورسییەی کۆتاکان لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان، ئەوا زیان بە پڕۆسەکە دەگەیەنێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ھادی عەلی لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و گەڕانەوەی کورسی کۆتا، گوتی: "تا ئێستا ھەنگاوێکی کردارەکی نەنراوە بۆ چارەسەری کێشەکان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە ھەرچی زووە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و ھەموو لایەک شایستەی خۆی وەربگرێت، بێگومان ئەم ٥ کورسییەی کۆتا لەسەر مافی ١٠٠ کورسییەکەیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین کە پێکھاتەکان مافی خۆیانیان ھەبێت، چونکە ئەو ٥ کورسییە لەلایەک زەرەر بە کۆی گشتی خەڵکی ھەرێم دەگەیەنێت".
پێنج کورسی گەڕاوەی کۆتاکان لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەیە کە دادگای باڵای فێدڕاڵی بڕیاری لەسەرداوە و، ئەم پێنج کورسییە بەم شێوەیە دابەشکراوە کە بریتیین لە دوو کورسی بۆ ھەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسی بۆ دھۆک.
پێشتر دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق بڕیاریدابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بۆ ١٠٠ کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: ھەولێر، ٣٤ کورسی، سلێمانی ٣٨، دھۆک ٢٥ و ھەڵەبجەش سێ کورسی.