Heman Hussein Yaseen
22 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2024
هەولێر - AA
دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەماندا، پێنج کورسیی پەرلەمانیی بۆ کۆتای پێکھاتەکان گەڕاندەوە و داواشی کردووە کە پێنچ کورسییەکان بەسەر بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بکرێن.
دەستەكە لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە دژبە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق "بەبێ رێکاری پاراستن"ی مافی نوێنەرایەتیکردنی پێکھاتەکان تۆمارکراوە، پێنج کورسی پەرلەمانی کوردستانی بۆ پێکھاتەکان گەڕاندووەتەوە.
دوای ئەوەش ماڵپەڕی ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای باڵای فێدڕاڵی، فەرمانە کاتییەکەی لەبارەی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ھەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاریشداوە، پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان لە پەرلەمان دیاری بکرێت.
بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان و دادگای باڵای فێدڕاڵی، نیگەرانی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە و بڕیارەکە بە بڕیارێکی سیاسیی ناودەبەن و پێشیانوایە کە بەم سیستەمە زوڵم لە پێکهاتەکان دەکرێت.
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیت نەھرەین، ڕۆمیۆ ھەکاری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ تووشی نیگەرانییەکی زۆر بووین بەم بڕیارە، وەک بڵێی بە هەوەسی خۆی هەم کورسییەکانی کەم کردەوە و هەم دابەشی سەر سێ پارێزگای کرد و ئەمەش پێچەوانەی تێڕوانین و داخوازی و داواکارییەکانی ئێمە بووە، ئێمە لەسەر ئەوە کۆک بووین کە هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت، کەچی ئێستا کراوە بە سێ بازنە، هەروەها لە کۆی ١١١ کورسی کۆتاکان تەنها ٥ کورسی بۆ کۆتاکانی، گەلی کلدانی، سریانی و ئاشووری، هەروەها پێکهاتەی تورکمان و ئەرمەن، ئەمە سوکایەتیکردنە بە ماف و داهاتووی ئەم پێکهاتانە، پێمانوایە بڕیارێکی زاڵمانەیە و نادادپەروەرانەیە، چاوەڕوان بووین کە کۆمیسیۆن بڕیارە چەوتەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی ڕاست بکاتەوە کە لە ٢١ی شوباتی ڕابردوو دەریکردبوو".
ڕۆمیۆ ھەکاری گوتیشی: "بۆ ئێمە دوو کورسی هەیە (لە هەولێر و سلێمانی)، کورسی دهۆک بۆ ئەرمەنەکان دەچێت لە کاتێکدا قورسایی مەسیحییەکان وەک کلدان سریانی و ئاشووری دهۆکە، ئەگەر لەوێ کورسیمان نەبێت ئەوا چ دابەشکردنێکە؟، بۆیە تا ئێستا ئێمە لەسەر ئەو بڕیارەین کە بەشداری هەڵبژاردن بەم شێوەیە ناکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دابەشکاری کورسییەکان بە سیاسیی ناودەبات و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی تەواوی مافەکانی پێکهاتەکان بگەڕێننەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئازاد کورەچی لەبارەی بڕیارەکەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆشحاڵبووین بە گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان، بەڵام دەبوو گەڕانەوەکە بە دادپەروەریی بووایە، ئێستا لە دهۆک زیاتر کلد و ئاشووری دەژین بەڵام هیچ کورسییەکیان بۆ دانەناون، بە هەمانشێوە لە سەدا 90 ی تورکمان لە هەولێر دەژین کەچی یەک کورسی بۆ دانراوە، بەڵام سلێمانی کە هیچ تورکمانێکی تێدانیە ئەویش یەک کورسییەکی بۆ دانراوە".
ئازاد کورەچی گوتیشی: "ئەو کورسییەی سلێمانی دەبێت بۆ کفری بێت و خەڵکی کفری مشوری ئەم بابەتە بخۆن، ئەگەر هاتوو کورسییەکە بۆ خەڵکی کفری نەبێت ئەوا مانای وایە کورسیەکە بووە سیاسیی".
لەبارەی هەڵوێستی ئەوان سەبارەت بە بەشداریکردنییان لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، ئازاد کورەچی گوتی: "ئێمە بەشدار دەبین، بەڵام کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی تەواوی کورسییەکان بگەڕێنەوە و هیوامان هەیە بڕیارەکە دەستکاری بکرێت، چونکە حەق وابوو چوار کورسی تورکمان بۆ هەولێر بێت و یەک کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی بێت".
پێنج کورسی گەڕاوەی کۆتاکان لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەیە کە دادگای باڵای فێدڕاڵی بڕیاری لەسەرداوە و، ئەم پێنج کورسییە بەم شێوەیە دابەشکراوە کە بریتیین لە دوو کورسی بۆ ھەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسی بۆ دھۆک.
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بۆ ١٠٠ کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمدا دابەش کردبوو: ھەولێر، ٣٤ کورسی، سلێمانی ٣٨، دھۆک ٢٥ و ھەڵەبجەش سێ کورسی.