Zana Natık Kerem
22 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2024
ھەولێر ـــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بانگھێشت کرا، بۆ ئەوەی بەشداری لە "کۆنفرانسی ئاشتی لە ئۆکراینا" بکات کە مانگی داھاتوو لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کردووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە "کۆنفرانسی ئاشتی لە ئۆکراینا" بکات کە مانگی داھاتوو لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئۆکراینا کراوە، ھەروەھا گرنگی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ کراوە، ئەوەش بە ئامانجی باشترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئۆکراینا لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەماھەنگی نێوان عێراق و ئۆکراینا لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک و وزەدا، خراوەتە بەرباس.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە کارەکانی کۆمپانیا ئۆکراینییەکان لە عێراق کراوە و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە کە زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان بە ئامانجی ڕەخساندنی ژینگەیەکی نموونەیی بۆ وەبەرھێنان لە عێراق، گرتووەتەبەر.