Heman Hussein Yaseen
28 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2024
هەولێر - AA
بە مەبەستی داواکردنی گەڕانەوەی کورسی کۆتا لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی پێکهاتەکانی کرد و تیاییدا جەختیان لە گەڕانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە پێکهاتەی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەنی بەشداربوون، جەخت لەوە کرایەوە کە دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای سیاسیی بووە و ڕەتیشی دەکەنەوە کە گەڕانەوەی ٥ کورسی کۆتا خواستی ئەوان بووبێت، بەڵکو خوازیارن هەر ١١ کورسییەکەی کۆتا بگەڕێتەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف گوتی: "بێگومان هەڵبژاردن مافێکی گرنگە و ڕەهەندی سیاسیی هەیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان تیاییدا بەشداربن، هەروەها کۆتاکانیش بە ١١ کورسی بەشداربن، ئێستا سیاسەتێکی دیفاکتۆ دروست بووە، ئێمە ئەو دیفاکتۆیە ڕەتدەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کورسیانەی دەستنیشانکراوە وەکو ڕەمزێک (شتێکی سادە) قبوڵی دەکەین و بەشداری پڕۆسەکە دەکەین".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "وەک وەزیری هەرێم کار لەسەر ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەی کورسی کۆتا زیاد بکەین، چونکە ئەگەر سەیری ژمارەی نەتەوەی تورکمان بکەین لە هەولێر ئەوا دیارییکردنی یەک کورسی شتێکی نالۆژیکە بەراورد بەو نەتەوەیە، ئەمە بۆ کریستیانەکانیش بەهەمانشێوە ڕاستە، پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆمان هەبێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەو ژمارەیەدا بکەین و بیکەینەوە بە ١١ کورسی".
لەبارەی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە شارۆچکەی کفری (سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی)، ئایدن مەعروف گوتی: "کفری شارۆچکەیەکی تورکمانییە، بوونی (بەربژێرێکی) تورکمان لەوێ گرنگە، هەروەها لەگەڵ ئەوەداین کە نوێنەرانی هەموو ئایین و ئایینزاکان نوێنەریان هەبێت، بوونی پێکهاتەکان لە هەرێم لە ئاستتێکی باشدایە و حکوومەتی هەرێم لە هەموو کاتێکدا زیاتر پشتیوانی مافەکانییان دەکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پشتیوانییکردنی لە پێکهاتەکان و گوتی: "سیستەمی کۆتا بە یاسا ڕێکخراوە و مافێکی خۆیانە، دووپاتیشی دەکەمەوە کە کاک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پشتیوانی پێکهاتەکان و گەڕانەوەی کۆتا، پاڵشتی ئەوان بۆ ئێمە جێگای ڕێز بوو، هاوکات نابێت ڕۆڵی یونامیش نادیدە بگرین کە کاریان لەسەر گەڕانەوەی کۆتا کرد".
ئایدن مەعروف ڕاشیگەیاند کە بڕیاری دابەشکردنی کورسییەکان ڕەتدەکەنەوە و پێیانوایە لەسەر بنەمای سیاسیی بڕیارەکە دراوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بڕیاری شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان ڕەتدەکەنەوە چونکە دابەشکردنەکە زیاتر لەسەر بنەمای سیاسیی بووە، پێویست بوو داواکاری پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرابووایە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەماندا، پێنج کورسیی پەرلەمانیی بۆ کۆتای پێکھاتەکان گەڕاندەوە و داواشی کردووە کە پێنج کورسییەکان بەسەر بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بکرێن.
پێنج کورسی گەڕاوەی کۆتاکان لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەیە کە دادگای باڵای فێدڕاڵی بڕیاری لەسەرداوە و، ئەم پێنج کورسییە بەم شێوەیە دابەشکراوە کە بریتیین لە دوو کورسی بۆ ھەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسی بۆ دھۆک.
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بۆ ١٠٠ کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمدا دابەش کردبوو: ھەولێر، ٣٤ کورسی، سلێمانی ٣٨، دھۆک ٢٥ و ھەڵەبجەش سێ کورسی.