Erbil Başay,Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal
09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
بەرلین - AA
سەرکۆماری ئەڵمانیا، فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر لەدوای لووتکەی جی ٢٠دا کە لە شاری هامبۆرگ بەرێوەچوو باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند کە تا ئێستا ئەڵمانیا خۆپیشاندانی وا توندوتیژی بەخۆیەوە نەبینیوە.
شتاینمایەر لە میانی بەسەرکردنەوەی ئەو پۆلیسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی هامبۆرگدا برینداربووبوون، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و بیری هەموو لایەکی هێنایەوە کە لە رووداوەکاندا زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس بریندار بوون.
شاینمایەر دەستخۆشیشی لە پۆلیسەکان کرد و لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە گوتی:
"تا ئێستا لە ماوەی ساڵانی دواییدا، ئەڵمانیا خۆپیشاندانی وا توندوتیژی بەخۆیەوە نەبینیوە، خۆپیشاندەران زیانیان بە ماڵوموڵكی خەڵکی هامبۆرگیش داوە نەک تەنها بە پۆلیسی شارەکە".
شتاینمایەر سەرسوڕمانی خۆی لەبەرامبەر رووداوەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە پۆلیس شایەنی رێزن و باسی لەو رەخنانەش کرد کە ئاراستەی کراون بە بۆنەی بەستنی لووتکەی جی ٢٠و ئاشکرای کرد کە ئەو لەگەڵ رەخنەکاندا نییە.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی هامبۆرگ، ئۆلاف شۆلز کە یاوەری شاینمایەری دەکرد لە بەسەرکردنەوەی پۆلیسە بریندارەکان، باسی لە قارەمانێتی پۆلیس کرد و ئاشکرای کرد کە سزای توندی ئەنجامدەرانی هێرشەکان دەدەن.
رۆژی پێنچەشەممەی رابردوو لە شاری هامبۆرگ باکووری ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوەچوو، کە تا ئێوارەی رۆژی رابردوو، چەندین ئۆتۆمبێل گریان تێبەردرا و چەندین شوێن تاڵان کران و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا روویاندا.