کەرکوک
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەرشەد ساڵحی رەخنەی توندی لە مامەڵەی ئیدارەی کەرکوک لە بەرامبەر تورکمانەکان گرت بە تایبەتی ھێزەکانی پۆلیس کە لە گوندی تەرکەلان چەند گەنجێکی تورکمانیان دەستگیرکردووە دوای ئەوەی خۆپیشاندانێکیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە گوندەکەیان رێکخست و ھێزەکانی پۆلیسیش ھێرشی کردە سەریان و ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکردن.
ساڵحی ھەروەھا گوتی: "ئیدارەی کەرکوک ھێشتا سیاسیەتی دوورخستنەوە و پشتگوێخستن بەکاردەھێنێ بەتایبەت ئەگەر بابەتەکە تایبەت بە نەتەوەی تورکمان بێ و ئێَستا تورکمان لە کەرکوک رووبەڕووی سیاسیەتێک دەبنەوە کە لەسەر بنکەی پشتگوێخستن و دوورخستنەوەی تورکمان لە دامەزراندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بونیاتنراوە."
ھەروەھا گوتی: "بە فەرمانی راستەوخۆی پارێزگاری کەرکوک ھێزەکانی پۆلیس مافی مرۆڤیان پێشێلکرد کاتێک ھێرشیان کردە سەر ھاوڵاتیانی گوندی تەرکەلان کە بەمەبەستی دروستکردنی پرۆژەی ئاوەڕۆ بۆ گوندەکەیان خۆپیشاندانیان رێکخستبوو. ئێمە لە کاتێکدا داوا لە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و وەزارەتی شارەوانی دەکەین رێ و شوێنی پێویست بۆ بەھاناھاتنی ھاوڵاتیانی گوندی تەرکەلان بەکاربھێنێ، ھەروەھا داوا لە دەستەڵاتدارانی پارێزگەی کەرکوک دەکەین گەنجە گیراوەکانی تەرکەلان ئازاد بکا و لە مامەڵەکردن لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک دادوەر بێ."
لە ھەمان کاتدا داوای لە تورکمانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی پشتگوێخستن و دوورخستەوەی لە بەرامبەریان بەکاردەھێنرێ کرد یەک ریز و یەکگربن.