hamza mansur
07 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
ئەو تەقینەوە تیرۆریستیەی كە بەیانی ئەمڕۆ پاسێكی هێزەكانی پۆلیسی توركیای لە ناوچەی ڤەزەنجیلەری شاری ئیستانیۆڵ كردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك پۆلیس و هاووڵاتی كوژران و بریندار بوون، بەتوندی لەلایەن هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپیەوە، ئیدانە كرا.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ توركیادا دووپات كردەوە و رایگەیاند، "كۆماری توركیا هەموو ئەو رێوشوێنانەی كە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری خۆی دەیگرێتە بەر، قەتەر پشتیوانی دەكات".
لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لە هەڵوێستی حکوومەت بۆ رەت كردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر بەهەموو شێوەكانی كردەوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان و حكوومەت و گەلی توركیا كردووە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی میسر، هاوهەڵوێستی حکوومەتی میسری بۆ گەل و حكوومەتی توركیا لەم كات و ساتەی ئێستادا نیشان دا و رایگەیاند، "سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان دەکەین و هیوا هەرچی زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو تەقینەوە تیرۆریستیە دەخوازین کە ئەمڕۆ لە ئیستانبۆڵ رووی دا".
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، کە ئیدانەی ئەو هێرشە وەحشیگەرییە دەکات كە لە شاری ئیستانبۆڵ رووی دا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە کە لەم رووداوەدا هاوخەم و هاوسۆزی كەسوكار و گەل و حكوومەتی توركیان.
هاوكات سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی ئەورووپا، سووربیورن یاگڵاند لە بەننامەیەكدا، ئیدانەی تەقینەوە تیرۆریستیەكەی ئیستانبۆڵی كرد و رایگەیاند، "بۆ جارێكی دیکە شاری ئیستانبۆڵ كەوتە بەر هێرشی تیرۆریستی كە بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس بوونە قوربانی".
لای خۆیەوە رێكخراوی ئیسلامی بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری، بە توندی ئیدانەی تەقینەوەكەی كرد و بە بەشێک لە پیلانی ئاژاوەگێری لەقەڵەم دا.