hamza mansur
20 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2016
ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی جیهان یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت نزیك 50 دۆلار مامەڵەی پێوە كرا، پاش ئەوەی لە نێو ئەم هەفتەیە، لە ترسی دەرچوونی بەریتانیا لە نێو یەكێتیی ئەورووپادا نەوتی برێنت لە دابەزینی خوارووی 50 دۆلار بەردەوام بوو.
لە راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی بریتانیا و سندووقی نێودەوڵەتی نەخت، گرنگی مانەوەی بەریتانیا لەناو یەكێتیی ئەورووپادا لە رووی ئابووری و پارێزگاری لە لەندەن وەك ناوەندێكی دارایی جیهانی دووپاتكراوەتەوە.
بەریتانیا پێداگیری دەكات، لە 23ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو راپرسی ئەنجام بدات، كە دەنگدەران دەنگ لەسەر مانەوە یان دەرچوونی وڵاتەكەیان لە ناو یەكێتیی ئەورووپا دەدەن.
لە سەعات " 7:13 خولەك " بەكاتی گرینویچ هەر بەرمیلێكی نەوتی خاوی برێنت بە 49 دۆلار و 95 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوە كرا كە لە دوو رۆژی رابردوودا لە بازاڕەكانی جیهان یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 49 دۆلار و 17 سەنت فرۆشرابوو.
لە ماوەكانی رابردوودا، نرخی نەوتی خاو بەرزبوونەوەی ئاستی شەش مانگی رابردووی تۆماركرد كە گەیشتە 52 دۆلار و 79 سەنت.
لەلایەكی دیكەوە، لە سەعات " 7:17 خولەك" بەكاتی گرینویچ نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی " نایمكس" بە 48 دۆلار و 67 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوە كرا.
شیكاران باس لەوە دەكەن كە نەوتی برێنت لە 10ی مایسەوە تا ئیستا خواستی بەرزبوونەوەی نرخەكەی پاراستووە و جەخت لەسەر ئەوەش دەكەنەوە كە پێشهاتەكانی خستنەبازاڕ و بەرز و نزمی بەهای دۆلار، بەردەوام دەبن لەسەر دیاریكردنی نرخی نەوت.