Hemn Baban
02 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ھێشتا یارمەتییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەڕووی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راھێنان و یارمەتیی داراییەوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامییان ھەیە.
- "داعش کۆتایی نەھاتووە و ھێشتا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیھان"
فەریق جەبار یاوەر: "ئەم ناوچەیە ئاڵۆزە، پێشتر تیرۆریستانی داعش ناوچەکەیان ئاڵۆزترکردووە، زۆرینەی ھێزەکانی وڵاتانی دونیایان ھێناوەتە ناوچەکە بەتایبەت لە سووریا و عێراق، ھاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیش کە زیاتر لە ٦٢ وڵاتی لەخۆگرتووە بەفەرماندەیی ئەمریکا لەناوچەکەدا ھەیە، ھەروەھا ململانێیەکی زۆر توندیش ھەیە لە نێوان ئەو وڵاتانەی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەھێزکردنی جێ پێی خۆیان لەو ناوچەیە، بەتایبەت ئەو ناکۆکییەی لە نێوان ئەمریکا و رووسیا ھەیە، ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و تورکیا، چەقی ناکۆکییەکانیش دەکەوێتە سووریا و عێراق.
بێگومان پێشبینی دەکرێت لەئایندەدا لە ھەلومەرجی ئەو ناوچانەدا بە شێوازێکی گشتی، ئیتر ئەو ئاڵوگۆڕە بە چی ئاراستەیەک دەڕوات ھێشتا سیماکانی دەرنەکەوتووە، بەڵام بەنیسبەت ئێمەی کورد ھێشتا بەشێکین لە وڵاتانی ناوچەکە و بەشێکین لە جەستەی ئەوان، ھێشتا ھیچ بڕیارێکی نێونەتەوەیی نییە بۆ دەستکاریکردنی نەخشەی ناوچەکە، رەنگە دەستکاری نەخشەی سیاسی و حوکمڕانی بکرێت، بەڵام دەستکاریکردنی نەخشەی دەوڵەتی ھێشتا ھیچ شتێکی وا نییە.
ھێشتا ھیچ سیمایەک بۆ دەرکەوتنی نەخشەی دابەشکردنی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەرنەکەوتووە، بەڵام گۆڕانکاری لەڕووی سیاسی، لەڕووی شێوازی حوکمڕانییەوە پێشبینی گۆڕین و روودانی دەکرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: رێک ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە مووسڵەوە رایگەیاند ئیدی داعش تەواو، بەڵام داعش لەڕێگەی چەند پەلامارێکی چڕی رۆژانی رابردووەوە وا دەردەکەوێتەوە، ئایا داعش کۆتایی پێھاتووە؟
فەریق جەبار یاوەر: "ئێمە لەھەمان ئەو رۆژەی بەڕێز حەیدەر عەبادی ئەو لێدوانەی بڵاوکردەوە کە مژدەی بە خەڵکی عێراق و ناوچەکە دا کە داعش کۆتایی پێھاتووە ئێمە گوتوومانە داعش ھێشتا کۆتایی نەھاتووە، وەکو ئیمارەتێکی ئیسلامی، دەسەڵاتێکی حوکمڕانیی تیرۆریستی کە مووسڵ و یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی بەدەستەوە بوو جگە لە سووریا کە حوکمڕانییەکی بەناوی ئیسلامەوە پەیڕەو دەکرد و داھات و فرۆشی نەوت و دارایی و پێناسی فەرمی بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەستییان دروست دەکرد و دەستکاریی خوێندنیشیان کرد، ئێمە ئەو کات گوتمان بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئێمە و دەزگا ھەواڵگرییەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانانەوەیە داعش بۆ ماوەیەک سڕ دەبێت، بەڵام دواتر بە شێوازێکی تر دەست پێدەکاتەوە، پاش ئەوەی خۆی رێکدەخاتەوە دێت و شێوازی رێکخراوی قاعیدە پەیڕەو دەکات و دێت لەڕێگەی مەفرەزەی بچووک بچووک خەڵک دەکوژێت، خەڵک دەڕفێنێت، رێگەکان دەگرێت، یان فدیە وەردەگرێت، یان پەلاماری ناوچەیەک دەدات و خەڵک دەکوژێت و دواتر دەڕوات، ئێستا بەمدواییانە داعش پەلامارە تیرۆریستییەکانی یەکجار زۆر زیادی کردووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی دیالە، لەسەر شەقامی سەرەکی رێگەی بەغدا-کەرکووک. لە ناوچەکانی عوزیەم و قەرەتەپە و چواردەوری کەرکووک بەتایبەت لە حەویجە و ریاز و ئەو ناوچانە، ھەروەھا لە ناوچەکانی مەخموور کە ئەم چەند رۆژە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان لەدژ ئەنجامدرا، ھاوکات لە ناوچەکانی مووسڵیش جار و بار کردەی تیرۆریستی دەکەن، ھەروەھا لە کەرکووک سێ تەقینەوەی ئەنجامدا لەیەک رۆژ و مەبەست لێی ئەمباری سندوقەکانی دەنگدان بوو.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.