Hemn Baban
02 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2016
هەولێر
حكوومەتی هەرێم دەڵێت بەڵام ئەو هەڕەشەیە بەتەواوی پێچەوانەی سرووشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لە نێوان هەردوولاماندا هەبووە.
ئەمڕۆ شەممە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەسەر لێدوانەكانی دوێنێ هەینیی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەردار حوسێن سەلامی بڵاو كردەوە كە تێیدا ناوبراو هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكوومەت و خەڵكەكەی كردبوو.
لە راگەیەنراوەکەی حكوومەتی هەرێم هاتووە "ئێمە بەتوندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی رەتدەكەینەوە و بەهەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لە مێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لە نێوان هەردوولادا بەڵام ئەو هەڕەشەیە بەتەواوی پێچەوانەی سرووشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لە نێوان هەردوولاماندا هەبووە، بەهیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بەهیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت".
لە درێژەی راگەیەنراوەكەدا حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە كردوووە كە بەگرنگییەوە لە پەیوەندییەكانییان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانن و لە هەوڵدان بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا.
لە كۆتاییدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "لە روانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاری دۆستانە و جێبەجێكردنی یاساکانی نێودەوڵەتی و بنەمای دراوسێیەتی باش و دۆستایەتی و هاوكاری هەمیشەیی بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی راستەقینە بێت لە پێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان".
ئەو راگەیەنراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا دێت كە دوێنێ هەینی بەبۆنەی رۆژی قودسەوە لە تارانی پایتەختی ئێران جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەردار حوسێن سەلامی گوتبووی "ئاگاداری سیاسەتمەدارانی باكووری عێراق دەكەمەوە كە پابەندی یاساكان ببن، لەبەر ئەوەی بەبێ هیچ دوودڵییەك تەواوی ئەو خاڵانەی كە دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئێران لەناو دەبەین".
قسەكانی سەلامی لە كاتێكدایە 15ی مانگی رابردوو شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی ئێران و ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران روویان داوە و بەهۆیەوە چەندین كوژراو و بریندار لەهەردوو لایاندا هەیە، ئەوەش بەرپرسانی ئێرانی نیگەران كردووە بەتایبەت لە هەفتەی رابردووشدا ئەو هێرشە بۆ سەر هیزی سوپای ئێران دووبارە بۆتەوە.