ئەنقەرە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا دراونەتە ئاژانیسی ئانادۆڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، باسیان لە رەوشی عێراق و ناوچەکە بە گشتی کردووە.
ئەردۆغان و بایدن نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر پەرەسەندنی شەڕی مەزھەبیی لە عێراق دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە: بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، پاراستنی یەکێتیی سیاسی، شەڕی دژە تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەو وڵاتەدا، پێویستە بە خێرایی حکومەتی نیشتمانی بنکەفراوان لە عێراق دابمەزرێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیوەندییەدا ھەر دوولا جەختیانکردۆتەوە لەوەی کە دەبێ ئەو حکومەتە بنکە فراوانەی دادەمەزرێ، دەرفەتی نوێنەرایەتی سیاسی بە سوننەکان و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق بدا و باوەش بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی بکاتەوە.
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بایدن، باسی ئەو ھاوکارییە مرۆییانەی کردووە کە پێشکەش بەو عێراقییانە کراوە کە بەهۆی شەڕ و نائارمییەکان دەربەدەر بوون گوتوویەتی: تورکیا لە رۆژی ١٢ی ئەم مانگەوە، دەستی بە ناردنی ھاوکاریی کردووە.
هەروەها باس لە ھاوکاریی و ھەماھەنگی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە بارەی رەوشی سوریا و عێراق کراوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کردبوو.
ھەر سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی بایدن و ئەردۆغان کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەردۆغان و بایدن پێشڕەویکردنی داعشیان لە عێراق بە مەترسییەکی گەورە لە قەڵەمداوە و بایدن باسی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر داعش.