ھەولێر
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە (١٩ی ئەیلول) دەرگای بنکەکان بەرووی دەنگدەرانی تایبەت (پۆلیس و ئاسایش، پێشمەرگە، نەخۆشخانە، گرتووخانە) کرایەوە، بەپێی لێدوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن ١٥٣ ھەزار کەس بەشداری دەکەن.
ئەوەی بووەتە باسی سەرەکی دەنگدانی تایبەت، خراپبوونی ئامێری مۆری تایبەتە کە پرۆسەی دەنگدانی لەھەندێ بنکە راگرتووە.
ھەندرێن محەمەد، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " کۆمیسیۆن توانای چاککردنی ئەو گرفتەی نییە کە بەھۆی ئامێری مۆری ئەلیکترۆنی ئاستەنگی دروستکردووە بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ئەو ئامێرە لەئەسڵدا بۆ دەنگدان دروست نەکراوە، ئەوە پێشنیاری کۆمیسیاری باڵای ھەڵبژاردنە دەبێ ھەر ئەوانیش چارەسەری بکەن".
لەلایەکی دیکە عەمید عەبدولخالق تەلعەت بەرێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند: دەنگدانی ھێزەکانی ناوخۆ و نەخۆشخانە و بەندیخانەکان بەگشتی لە شاری ھەولێر بەھێمنی بەرێوە دەچێ.
تەلعەت گوتی " ھەموو ھێزەکانی ناوخۆ ئازادن دەنگ بەکێ دەدەن، ئەوەی ھەیە لێرە تەنیا قەرەباڵغیەکی زۆر ھەیە لەسەر ناوەندەکانی دەنگدان، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن کارەکانیان زۆر بەسستی بەرێوەدەچێ، بەتایبەتی بەکارھێنانی ئامێری مۆری ئەلیکترۆنی، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێ ئەوا بۆ ھەڵبژاردنی گشتی کێشەی گەورە دروست دەبێ".
سلێمانیش گرفتی ھەیە
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەشاری سلێمانی لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بنکەکانی دەنگدان لەبنکەی بادینان لەشاری سلێمانی ئامادەبوو، لەو بنکەیەو بنکەی گوڵان کەپێکەوەن ژمارەیەکی زۆری ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادەی پرۆسەکە بوون.
ڕێبوار ستار بەڕێوەبەری بنکەی بادینان بۆ ئەنادۆڵو وتی"پرۆسەکە لەوادەی دیاری کراوی خۆیدا بەبێ ھیچ کێشەیەک دەستی پێکردو بەشێوەیەکی ئاسایی دەڕوا، ھێزە ئەمنییەکانیش ھاوکاری زۆرمان دەکەن.
لەسنوری پارێزگای سلێمانی لە ٢٨ بنکەدا دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت.
لەبەشێکی زۆری بنکەکاندا لەساتی دەستپێکردنی دەنگدانەوە ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان ئامادەبوون، ئەوەش قەرەباڵخی زۆری لەبەردەم ئەو بنکانە دروست کردبوو، بەو ھۆیەشەوە چەند ڕوداوێکی شەڕوپێکدادان لەنێوان دەنگدەران ڕوویدا.
نەقیب ھەڵکەوت نەجیب دوای بەشداری کردنی دەنگدان بۆ AA گوتی"بەشێوەیەکی ئاسایی دەنگی خۆمان داو ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم پرۆسەکەدا نییە".
کێشەی سەرەکی ئەمڕۆی دەنگدان، کێشەی مۆری ئەلیکترۆنییە، کەئەو کێشەیەش لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ)ی نیگەرانکردووەو پێیان وایە لایەنی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی)دەیەوێ ئەو مۆرە بەکار نەھێنێ.
محەمەد تاڵیب بەڕێوەبەری بنکەی ڕووناکی لەبارەی ئەو مۆرەوە بۆ AA گوتی"بەھۆی ئەوەی ئامێرەکە تازەیەو کارمەندەکانیش تازەن ، ئەزمونییان لەسەر ئەو ئامێرانە نییەو لەسەرەتاوە نەیان توانی بەباشی کار بەئامێرەکە بکەن.