واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری رایدەگەیەنێت كە لە ئێستادا دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لەمەڕ پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی نەگەیشتۆتە رێككەوتن.
كیری لە كۆنگرێس وەڵامی پرسیاری ئەندامانی كۆنگرێسی دایەوە.
كیری ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان خوازیارن بەم نزیكانە بۆیان دەركەوێت كە ئایا ئێران بەنیازە پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی بۆ دروست كردنی چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت یان نا.
كیری هەموو ئەو هەواڵانەشی بەدرۆخستەوە كە لەناو ئەمریكا باس لە نزیك بوونەوەی لایەنەكان دەكەن بۆ رێككەوتنێك كە تێیدا ئێران دوای ١٠ ساڵی دیكە دەتوانێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
لەبەشێكی دیكەی گوتەكانیدا كیری گوتی: "ئەوانەی كە دەڵێن رێككەوتنەكەمان بەدڵ نییە، ئەمانە یان ئەوانە، نازانن رێككەوتنەكە چی تێدایە، تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نییە، داوادەكەم كە خەڵك چاوەرێ بكات، تاكو بزانێت دانوستانەكان چ ئەنجامێكی دەبێت".
كیری جەختی كردەوە كە دانوستانەكان، ئامانجی چارەسەر كردنی كێشەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانە بەبێ هیچ پێكدادانێكی سەربازی و گوتی:"لە ٢٠١٣ەوە تا ئێستا سەرقاڵی ئەوەین كە بزانین كێشەكە بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر دەكرێت یان نا، هێشتا نازانین.
كیری لەبارەی رووبەڕوو بوونەوەی داعش ئاماژەی بەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتیە دا كە دروست بووە و گوتی:"لە ئەیلولی ٢٠١٤ ەوە زیاتر لە ٦٠ وڵات بەشدارن لە هاوپەیمانێتیەكە و تا ئێستا نزیكەی ٢ هەزار و ٥٠٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجام دراوە و توانراوە زیانی زۆر لە رێكخراوەكە بدرێت.
كیری ئاماژەی بەوەدا كە یارمەتی هێزەكانی عێراق دەدەن تاكو خاكییان لەدەست داعش وەرگرنەوە و راشیگەیاند كە لەسەدا ٣٠ی ئەو خاكەی داعش داگیری كردبوو ئێستا كەوتۆتەوە دەست عێراقییەكان و هاوكات بە هەزاران ئەندامی داعش كوژراون و داهاتی رێكخراوەكەش بەرتەسك كراوەتەوە و هەلی بەدەستهێنانی شەروانی بیانی و بەشداری كردنیان لە ریزەكانی داعش وەستێنراوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا بەردەوام پەیامەكانیان رێگری لێدەكرێت.
كیری هەروەها باسی لە پرسی پێدانی دەسەڵاتی سێ ساڵەی كرد لەلایەن كۆنگرێسەوە بۆ بەكارهێنانی هێز دژ بە داعش و رایگەیاند ئەو یاسایە هەل دەداتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكاش.
لەبارەی پێشهاتەكانی ئۆكرایناشەوە كیری ئاماژەی بەوەدا كە مۆسكۆ لەدوای جەنگی ساردەوە، گەورەترین پروپاگەندەی خۆی بەكاردەهێنێت و رایگەیاند كە رووسیا لەبارەی چالاكییەكانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا چەندین جار بەیاننامەی هەڵەی بڵاو كردۆتەوە.
لەبارەی و هاوكاری كردن و رەوانە كردنی چەك بۆ ئۆكراینا ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا بڕیاریان لەسەر ئەو پرسە نەداوە.
كیری ئاماژەی بەوەدا كە لەم نزیكانەدا باراك ئۆباما بڕیار لەسەر ژمارەی ئەو سەربازانە دەدات كە لە ئەفغانستان دەمێننەوە.