بەغدا
بەپێی راگەیاندراوێکی رەسمی، سەرکۆماری عێراق فوئاد مەعسوم و سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە دیدارێکدا چاویان بەیەک کەوت و دواتر دەرەنجامی کۆنگرەکەی پاریس لەبارەی رووبەڕبوونەوەی رێکخراوی داعش تاوتوێکرد.
ھاوکات راشیانگەیاند، کە دەبێ چاکسازی لەناو دامەزراوە حکومییەکان بەردەوامی ھەبێ.
لە راگەیاندراوەکەدا کە وێنەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو وەریگرتووە، ھاتووە، سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران دوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ یەکتر قسەیان لەسەر دەرەنجامی کۆنگرەی پاریس کرد کە بۆ پیشتیوانی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵەکانی رێکخراوی داعش لە وڵاتی فەڕەنسا لە دوو رۆژی رابردوودا بەسترا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا وەک لە راگەیاندراوەکە ئاماژەی بۆکراوە، جەخت لەسەر تەواوبوونی پێکھاتەی حکومەتی تازە کراوە، بە تایبەتی دەستنیشانکردنی ھەردوو کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانی بەرگریی و ناوخۆ.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ناو راگەیاندراوەکە، مەعسوم و عەبادی بەشێکی قسەکانی ناو دیدارەکەیان بۆ رەوشی سیاسی و ئەمنی وڵات تەرخانکردووە و لەو رووەوە ھەردووکیان جەختیان لەسەر پێویستی سوودوەگرتن لە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق لە شەڕی دژی رێکخراوی داعش کردووەتەوە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی کە دەبێ ھەموو جۆرە ھاوکاری و پشتیوانییەکی مادی و سەربازیی و مرۆیی و لۆجستی بۆ رێکخراوی داعش رابگیرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئەو رێکخراوە لەناوببرێ.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا عەبادی ئەوەی بە مەعسوم گوتووە، کە کۆنگرەی پاریس ھەنگاوێکی گرنگبووە بۆ عێراق و ھەموو لایەکیش پێشوازی لێکردووە و داواشی لە وڵاتانی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە کردووە کە پابەندی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ئەنجامی کۆنگرەکە بن.
لە قسەکانیدا عەبادی بۆ سەرکۆمار، ئاماژەی بەوەکردووە کە حکومەت بە شێوەیەکی کارا دەستی بە چاکسازی لەناو دامەزراوە حکومییەکان کردووە و بەردەوام دەبێ.